سوپای ئیسرائیل ورەی شەڕکردنی نییە و لە پشت دیوارە کۆنکرێتییەکانەوە خۆی حەشار دەدات
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ژەنەڕاڵ ئیتزاک بریک هۆشداری دا لە دەرئەنجامە نەرێنییەكانی سیاسەتی سەركردەكانی ئیسرائیل لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازیدا، كە لەسەر بنەمای بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی و پشتگوێخستنی پەرەپێدان یان تواناكانی هێزە زەمینییەكانە.
ناوبراو بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک وتی: ململانێ جۆراوجۆرەکان لەگەڵ حەماس و جیهادی ئیسلامی لە غەززە بووەتە هۆی پاشەکشەی ئیسرائیل و لەدەستدانی دەسەڵات و تواناکانی سوپا بۆ ئەنجامدانی مانۆڕی زەمینی یاخود گرتنەبەری هەنگاو لە چەند بەرەیەکدا.
ئەم ژەنەڕاڵە ئیسرائیلییە سەرکردە سیاسییەکان و فەرماندە سەربازییەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە ترسی زیانی ماددی و مرۆیی، هێزی زەمینی سوپایان پشتگوێ خستووە، و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم ڕاستییە وای لە حەماس و جیهادی ئیسلامی کردووە هەست بەوە بکەن لە بەرامبەر سوپایەکی لاوازدان کە توانای چالاکی سەربازیی وشکانیی نییە.
بریک لە درێژەی قسەكانیدا وتی: ئیسرائیلییەكان تەنیا چاویان لە دروستكردنی دیوار و دروستكردنی بەربەستی زەمینی و ستوونی کۆنکرێتی بە تێچووی زۆرەوەیە، و تەنها هێزی ئاسمانی كردەوەی سەربازی ئەنجام دەدات، بەڵام هێزی ئاسمانی ناتوانێت بە تەنیا لە شەڕدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، و باشترین نموونە بۆ ئەمەش ململانێکانی ئەم دواییە لە دژی غەززە و ئۆپەراسیۆنی “پاسەوانی دیوارەکان”ـە، کە تێیدا ژێرخان، تونێل، ماڵی خەڵک و ڕێگاوبانەکان بە بۆمبی زیرەک کرایە ئامانج، بەڵام نەیتوانی موشەکەکانی غەززە کەم بکاتەوە.
لە بەشێکی تری ئەم بابەتەدا هاتووە: حەماس رۆژانە ٤٠٠ موشەکی تەقاندووە و لە دە ڕۆژی ململانێکان لەگەڵ ئێمەدا، زیاتر لە ٤٣٠٠ موشەکیان ئاراستە کردووە، کە زیانی راستەوخۆی ١٦ ملیار شێکێلی بۆ ئێمە هەبووە، ئەمەش جگە لە زیانە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانیەتی.
ناوبراو جەختیشی كردەوە: فەرماندەكانی سوپا ناوێرن تەنانەت چەند مەترێكیش هێزە زەمینییەكان بنێرن بۆ ناو غەززە، ئەم بابەتەش وایكردووە حەماس مانۆڕی زەمینی ئەنجام بدات و بتوانێت بگاتە ئەو بڕوایە كە توانای ئەوەی هەیە هەزاران چەكداری بۆ زیان گەیاندن بە ئێمە بنێرێت بۆ ناو تونێلەکانیان.
لەم بابەتەدا هاتووە: لە تەواوی ململانێکانی ڕابردوودا نەمانتوانیوە لە شەڕی دەروونیدا سەربکەوین و ورەی شەڕکردن و پاڵنەری دەستپێشخەریمان لەدەست داوە و گۆڕاوین بۆ سوپایەکی لاواز کە لە پشت دیوارە کۆنکرێتییەکانەوە خۆی دەشارێتەوە و تەنیا پشت بە هێزی ئاسمانی دەبەستێت. ئێمە لە ئاکامەکانی بەکارهێنانی هێزی زەمینی دەترسین.
ئەم ژەنەڕاڵەی پێشووی سوپای زایۆنیستی جەختی کردەوە: نەبوونی متمانەی فەرماندەکان بە هێزە زەمینییەکان و هەڵهاتنی ئەفسەرانی زیرەک لەم هێزە و سنووردارکردنی چالاکییەکان و کەمکردنەوەی مانۆڕەکانیان، بووەتە هۆی ئەوەی کە هێزە زەمینییەکان تواناکانیان بۆ ئەنجامدانی مانۆڕی زەمینی و شەڕ لە چەند بەرەیەکدا لەدەست بدەن. و چیتر توانای بەدەستهێنانی سەرکەوتن و بەرپەرچدانەوەیان نییە.
لێدوانەکان