گرنگترین هەواڵەکانی ١٧٦مین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ١٨ی ئابی ٢٠٢٢

پێنجشەممە 18 ئاب 2022 - 22:58
https://kurdish.iswnews.com/?p=16288

شەوی ڕابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ڕووسیا بە چەند مووشەکێک هێرشی کردە سەر ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای خارکیڤ. لە ئەنجامی کەوتنی یەکێک لە موشەکەکان بە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونی شاری سالتیڤکا لە باکووری شاری خەرکیڤەوە ٦ کەس کوژراون و ١٦ کەسیش بریندار بوون.

شەوی ڕابردوو سوپای ئۆکرانیا کۆگایەکی تەقەمەنی سوپای ڕووسیای لە ناوچەی ئامورسیوکا لە دۆنێتسک کردە ئامانج. دووری نێوان ئامورسیوکا و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئۆکرانیا نزیکەی ٦٣ کیلۆمەترە و پێدەچێت ئەم هێرشە بە بەکارهێنانی موشەک هاوێژی هیمارس (کە لەلایەن ئەمریکاوە دراوە بە ئۆکرانیا) ئەنجامدرابێت.
دوابەدوای ئەم هێرشە تەقینەوەیەکی گەورە ڕوویدا و دوکەڵی زۆر لە ناوچەکە بەرزبووەوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانە گیانی و ماددیەکانی ئەم هێرشە بڵاونەکراوەتەوە.

لەچوارچێوەی بەرنامەی ستراتیجی بەرەنگاربوونەوە، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا سێ فڕۆکەی جەنگی میگ-٣١ کە بە مووشەکی هایپەرسۆنیکی کینژال تەیارکراون لە فڕۆکەخانەی چێکالۆڤسک لە پارێزگای کالینینگراد جێگیرکرد. پارێزگای کالینینگراد هاوسنوورە لەگەڵ لیتوانیا و پۆڵەندا، و لەم دواییانەشدا بەهۆی سەپاندنی سزاکانی ئەوروپاوە، لە ژێر گەمارۆی ئابووری دایە.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆشکی پۆتۆکی لە شاری لڤیڤ لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە.

دیدارە دووقۆڵی و سێ قۆڵییەکانی زێلێنسکی لەگەڵ ئەردۆغان و گوتێرێس، تایبەتە بە گەرەنتیکردنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لەڕێگەی دەریای ڕەشەوە، دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێی ئۆکراینییەکان، ئازادکردنی دیلەکانی جەنگی و پزیشکانی ئۆکراینی لە زیندانەکانی ڕووسیا، هەروەها پرسە ئەمنییەکانی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆروژیا لە ناوچەی ئێنرهۆدار لە باشوری ئۆکرانیا بوون.

بەپێی هەواڵی میدیا ئۆکراینییەکان، لە ئەنجامی هێرشە تۆپخانییەکانی سوپای ئۆکرانیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای بێلگۆرۆد لە ڕۆژئاوای ڕووسیا، کۆگای تەقەمەنی سوپای ڕووسیا لە گوندی تیمۆنۆڤۆ تووشی تەقینەوە و ئاگرێکی بەرفراوان بووەوە.

بەپێی لێدوانی دەسەڵاتدارانی خۆجێیی ڕووسیا، ئەو هێرشانە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام ئاگرەکە تەشەنەی کردووە و فەرمانی چۆڵکردنی دانیشتوانی گوندەکانی تیمۆنۆڤۆ و سۆلوتی دراوە.

بە لەبەرچاوگرتنی دووری ١١٠ کیلۆمەتری پێگەکانی سوپای ئۆکرانیا بۆ گوندی تیمۆنۆڤۆ، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم هێرشانە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان مووشەکی کورت مەودا ئەنجامدرابن.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *