کەتائیبی حزبوڵڵا بەیاننامەیەکی لە سەر دۆخی سیاسی عێراق بڵاوکردەوە
کەتائیبی حزبوڵڵا لە گرووپەکانی خۆڕاگریی عێراق لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە دۆخی سیاسی ئەم وڵاتە ڕایگەیاند کە بڕیاری مەیدانی بۆ پاراستنی گیان و ژیانی هاووڵاتیان دەگیرێتەبەر.
لە بەیاننامەیەکی کەتائیبی حزبوڵڵادا هاتووە کە عێراقی ئازیز گیرۆدی قەیران و کێشەی جۆربەجۆرە کە ئەمەش وا دەخوازێت عاقڵمەندان ڕێز لە دەزگای دادوەری بگرن و ڕوو لە دەستووری وڵات بکەن و ئاشتی و چارەسەری ئاشتیانە لە جێی زیاترکردنی ئاڵۆزییەکان و هەڕەشە و بەڵێنی بێ بنەما بخەنەڕوو.
بەیاننامەکە ڕایگەیاندووە کە زیاترکردنی ئاڵۆزییەکان و لەبەرچاونەگرتنی چارەسەرە ئاشتیانە و نیشتمانییەکان و پیشاندانی هێز و ترس و تۆقاندنی خەڵک و دەسدرێژی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی و خەڵک و پەلکێشکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەوان بەرەو چارەنووسێکی نادیار، ڕەنگە بگاتە شەڕی ناوخۆیی و وڵات بەرەو قۆناغێکی نوێی تارمایی و ستەمکاری و دیکتاتۆریەت و گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەگەڕێنێتەوە.
کەتائیبی حزبوڵڵا بە ئاماژە بەوەی کە لە هیچ یەک لە حکومەتەکاندا بەشداریی نەکردووە، ڕایگەیاندووە کە وەک پارێزەری وڵات و سیستەمی سیاسی و پیرۆزییەکان و خوێن و سەر و ماڵی خەڵک دەمێنێتەوە، وەک چۆن کە لە بەرامبەر دیکتاتۆریەتی سەدام، داگیرکاریی ئەمریکا و بەرەنگاربوونەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش و ڕێگری لە کەوتنی بەغدای پایتەخت ڕاوەستا.
کەتائیبی حزبوڵڵا لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ڕایگەیاندووە کە بە پێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بەرەو ئەوەی کە دوژمن و بەکرێگیراوان دەیانەوێت، هەنگاو نانێت و بۆ ڕێگری لە پیلانێک کە ڕەنگە عێراق و خەڵکەکەی بگرێتەبەر، بڕیاری مەیدانی بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵگا و نەهێشتنی مەترسییەکانی سەر گەلی ئازیزی عێراق دەگیرێتەبەر.
جام کوردی
لێدوانەکان