ئیمارات فەرمانی سەرکوتکردنی حیزبی ئیسڵاحی دەرکرد

چوارشەممە 17 ئاب 2022 - 16:42
https://kurdish.iswnews.com/?p=16223

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هێزەکانی ژێر فەرماندەیی هاوپەیمانی سعوودیە بە مەبەستی سەرکوتکردنی چەکدارانی حیزبی ئیسلاح رەوانەی میحوەرەکانی پارێزگاکانی مارب و حەزەرمەوت کران.

دوابەدوای دژایەتیکردنی حیزبی ئیسڵاح لەگەڵ فەرمانی حکومەتی دەستلەکارکێشاوەی یەمەن بۆ ڕادەستکردنی کۆنترۆڵی دەروازەی سنووریی ئەلوەدیعە بە هێزەکانی ئەلعمالقە، ڕەشاد ئەلعەلیمی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی حکومەتی دەستلەکارکێشاوەی یەمەن بە پشتگیری ئیمارات، فەرمانی ڕەوانەکردنی هێزەکانی ئەلعمالقە و بەرخۆدانی نیشتمانی و چەکداری ئەنجومەنی ئینتقالی باشووری بەرەو پێگەکانی حیزبی ئیسڵاح لە پارێزگاکانی مارب و حەزەرمەوت دەرکرد. لەم چوارچێوەیەدا سەدان چەکداری ژێر فەرماندەیی هاوپەیمانی سعوودیە لەگەڵ دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆش لە ناوچەکانی بیابانی ئەلعەبر لە پارێزگای حەزەرمەوت جێگیر کران.

بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان، هێزەکانی ژێر فەرماندەیی هاوپەیمانی سعوودیە، ڕێگای سەرەکی حەزەرمەوت بۆ ماربیان داخستووە و ڕێگرییان لە تێپەڕبوونی ئەو بارهەڵگرانە کردووە کە سووتەمەنی و کەلوپەلیان پێبووە. هه‌روه‌ها له‌ ئاکامی هێرشی هێزه‌کانی ئەلعمالقە بۆ سه‌ر پێگه‌کانی حیزبی ئیسڵاح له‌ بیابانی ئه‌لعبر، بنکه‌ی لیوای ٢٣ی میکا کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی هێزه‌کانی ئەلعمالقە. هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، چەکدارانی حیزبی ئیسڵاح هێزەکانیان لە شارەکانی مارب و سیئۆن کۆدەکەنەوە بۆ بەرگریکردن لە کێڵگە نەوتییەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.

هەڵمەتی هاوپەیمانی سعوودیە بۆ سەرکوتکردنی حیزبی ئیسڵاح لە کاتێکدایە کە سەرانی ئەم حیزبە تا ئێستا وەڵامێکی ڕوونیان بۆ پێشنیارەکانی ئەنساروڵڵا نەداوەتەوە. ئەنساروڵڵا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داوای ئاشتی و هاوپەیمانی لەگەڵ حیزبی ئیسڵاح بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییە دەرەکییەکان لە یەمەن کردبووەوە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە پێش دەستپێکردنی گرژییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی یەمەن زۆربەی ناوچە گرنگەکان و کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگاکانی مارب، حەزەرمەوت و شەبوە لە ژێر کۆنترۆڵی حیزبی ئیسلاحدا بوون. لەگەڵ زیادبوونی ناكۆكییەكانی نێوان حیزبی ئیسڵاح و حكومەتی دەستلەكاركێشاوەی یەمەن، هاوپەیمانی سعوودیە چەند بڕیارێکی توندی بەسەر حیزبی ئیسڵاحدا سەپاند و بە دەستێوەردانی بەرفراوانی ئیمارات، ئەم گروپە لە شاری عەتەق ناوەندی پارێزگای شەبوە دوورخرایەوە. سێگۆشەی دەسەڵاتی حیزبی ئیسڵاح لە سێ خاڵی مارب، سیئۆن و عەتەق پێکدێت، و لە ئێستادا عەتەق لە ژێر کۆنترۆڵی ئەم گروپەدا دەرچووە. هه‌روه‌ها رێگای سه‌ره‌كی نێوان سیئۆن و مارب پچڕاوه‌ و په‌یوه‌ندیی وشكانی له‌ نێوان چه‌كدارانی حیزبی ئیسڵاحدا نەماوە. بە شێوەیەک لە شێوەکان حیزبی ئیسڵاح لە مارب گەمارۆ دراوە و دۆخێکی گونجاوی بۆ پاراستنی پێگەکانی خۆی نییه.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *