دوایین هەواڵەکان لە بەرەی دۆنباسەوە، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ١٥ی ئابی ٢٠٢٢
سوپای ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی لە پێشڕەویدان بەرەو سۆڵدار و شاری گرنگی باخموت لە باکووری پارێزگای دۆنێتسک.
بەپێی دوایین هەواڵەکان لە میحوەری باکووری دۆنێتسک، سوپای ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر هێڵی بەرگری سوپای ئۆکرانیا لە میحوەرەکەی سێڤەرسک-سۆڵدار-باخموت چڕکردووەتەوە. ئەم هێرشانە لە هەفتەی ڕابردوودا بووە هۆی پێشڕەوی لە ڕۆژهەڵات و باشووری گوندی سۆڵدار لە سەر ڕێگای باخموت-لیسیچانسک. ئامانجی کۆتایی سوپای ڕووسیا لە گرتنەوەی سۆڵداردا بڕینی ڕێگای پەیوەندییەکان و سەپاندنی نیمچە گەمارۆیە بەسەر شارەکانی سێڤەرسک و باخموتدا.
لە ئێستادا ململانێکان لەناو سۆڵدار بەردەوامە و زۆربەی گوندەکە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ڕووسیادایە. لە شاری باخموت، ململانێکان تا دەروازەی رۆژهەڵاتی شارەکە درێژ بووەتەوە و باخموتیش لەژێر ئاگری تۆپخانەکانی سوپای ڕووسیادایە.
لە باشووری شاری باخموت، لە ناوچەکانی زایتسوە و کودما پێکدادانی قورس لە ئارادایە و ڕووسەکان هەوڵ دەدەن لەم میحوەرەدا بەبێ ئەوەی زیانی گەورەیان لێ بکەوێتەوە پێشڕەوی بکەن. وا دیارە یەکێک لە ئامانجەکانی سوپای ڕووسیا لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم میحوەرەوە دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی گوند و ناوچەکانی باشوری باخموت و گەمارۆدانی ئەم شارە بێت لە باشورەوە.
لە میحوەرەکەی ڕۆژئاوای شاری دۆنێتسک هێشتا ئاڵوگۆڕی تەقەی تۆپخانەیی لە نێوان لایەنەکان بەردەوامە. لە هەفتەی ڕابردوودا هێزەکانی سوپای ڕووسیا و دۆنێتسک گوندی پیسکی لە ڕۆژئاوای فڕۆکەخانەی دۆنێتسکیان کۆنترۆڵ کرد. ههروهها شهڕ و پێکدادانهکانی ناوچهی مارینکا له نێوان سوپای ڕووسیا و ئۆکرانیا بهردهوامه و سوپای ڕووسیاش توانیویەتی پێشڕهویی بکات.
دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە مەبەست لە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ڕووسیا لە ڕۆژئاوای دۆنێتسک ڕێگریکردنە لە دروستبوونی هێرشی زەمینی سوپای ئۆکرانیا بەرەو شاری دۆنێتسک و ڕاگرتنی هێرشە تۆپخانەکانیان، و لە ئێستادا هیچ نیازێکی جددی بۆ پێشڕەوی لە قووڵایی ڕۆژئاوای دۆنێتسک نییە.
بەگشتی ئەوەی دیارە سوپای ڕووسیا هیچ پەلەیەکی نییە بۆ کێوماڵکردنی تەواوەتی باکووری پارێزگای دۆنێتسک و هێرشە جدییەکانیان بۆ تێکشکاندنی هێڵەکانی بەرگری ئۆکرانیا لە سێڤەرسک-سۆڵدار-باخموت دەستی پێکردووە. ئەگەر سوپای ڕووسیا لەم قۆناغەدا سەرکەوتوو بێت، قۆناغی داهاتوو بەرەو شارە گرنگەکانی سلاڤیانێسک و کراماتۆرسک هەنگاو دەنێت.
لە بەرەکانی تریش هیچ جموجۆڵێكی دیاریكراو نەبینراوە و زۆرینەی پێکدادانەکان پەیوەندییان بە ئاڵوگۆڕی تەقەی تۆپخانەیی و هێرشە ئاسمانییەکان هەیە. هەواڵەکان سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی سوپای ئۆکرانیا لە میحوەری باشوور و ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی سوپای ڕووسیا لە پارێزگای خارکیڤ زیاتر شەڕی دەروونییە و سەرەڕای بانگەشەکانی دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا و میدیاکانی ڕووسیا، هیچ جموجۆڵێكی دیاریکراو لە لایەنەکان لەو ناوچانە نەبینراوە.
لێدوانەکان