بانگخوازە خۆکوژییەکەی تاڵیبان بووە قوربانی هێرشێکی خۆکوژی + ڤیدیۆ
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە ئەنجامی هێرشێکی خۆکوژی داعش لە قوتابخانەی ئاینی حەقانی لە شاری کابوڵ، زیاتر لە دە ئەندامی تاڵیبان کوژران، لەوانەش شێخ رەحیموڵڵا حەقانی بەرپرسی ئەم قوتابخانەیە و لە کەسە نزیکەکانی سیراجەدین حەقانی.
شێخ ڕەحیموڵڵا حەقانی لە زانا دیارەکانی دیۆبەندی لە پارێزگای نەنگەرهار بوو و هەروەها یەکێک لە بانگخوازە هەرە کاریگەرەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان و پاکستان بوو، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا مامۆستای ئایینی زوبیریە لە پیشاوەری پاکستان بووە. ناوبراو هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی زانایانی سەرکردایەتی تاڵیبان بووە و بە یەکێک لە کەسە نزیکەکانی سیراجەدین حەقانی وەزیری ناوخۆی حکومەتی تاڵیبان دادەنرا.
حەقانی لە ٢٧ی ١٠ی ٢٠٢٠ هەروەها له لایهن خۆكوژێكی نهناسراوهوه له زوبیریه هێرش كرایە سهر و به سهختی بریندار بوو. ناوبراو دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، دەچێتە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و قوتابخانەی حەقانیەی دادەمەزرێت.
ناوبراو لە شەڕەکانی ساڵانی ڕابردووی تاڵیبان لەگەڵ حکومەتی پێشووی ئەفغانستان و هاوپەیمانەکانیدا، هەزاران خوێندکاری جیهادی و خۆکوژی لە ڕووی ئایدۆلۆژی و فیکرییەوە ڕاهێنا و هێزی مرۆیی بۆ تۆڕی حەقانی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری ئەفغانستان دابین کرد، بەڵام لە کۆتاییدا خۆی بوو بە قوربانی ئۆپەراسیۆنێکی خۆکوژی و کوژرا.
گروپی ترۆریستی داعش بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو خۆکوژەی کە هێرشی کردووەتە سەر قوتابخانەی حەقانی لە کابوڵ، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.
لێدوانەکان