شەهید بوونی فەرماندەیەکی سەربازی بزوتنەوەی فەتح لە نابلوس + ڤیدیۆ و وێنە

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئیبراهیم ئەلنابولسی، فەرماندەی کەتیبەکانی شەهیدانی ئەقسا، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی فەتح، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر نابلوس شەهید بوو.
ئەمڕۆ ٩ی ئاب، هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی هەڵیانکوتایە سەر شاری نابلوس و لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی لە بەشی کۆنی ئەو شارە، چەند ماڵێکیان گەمارۆدا.
دوای ئەم کردەوەی زایۆنیستەکان، ململانێیەکی قورس لە نێوان ئەوان و هێزەکانی خۆڕاگری فەلەستین دروست بوو. لەم ململانێیەدا، ئیبراهیم ئەلنابلوسی، فەرماندەی کەتیبەکانی شەهیدانی ئەقسا، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی فەتح لە نابلوس، لەگەڵ هێزێکی دیکەی خۆڕاگری بە ناوی “ئیسلام سەبووح” شەهیدبوون. هەروەها لەم پێکدادانانەدا ٤٠ فەلەستینی دیکەش بریندار بوون.
شایانی باسە “ئیبراهیم ئەلنابلوسی” یەکێک بووە لە هێزەکانی خۆڕاگری لە شاری نابلوس کە ماوەیەکی زۆرە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە داواکراوە. لە ٢٤ی مانگی رابردوودا ژمارەیەک هێزی تایبەتی ڕژێمی زایۆنیستی هەڵیانکوتایە سەر بەشی کۆنی شاری نابلوس و ململانێیەکی سەخت لەم ناوچەیە ڕوویدا. لە ئاکامی ئەم هێرشەدا، دوو لە هاوڕێیانی ئیبراهیم ئەلنابولسی بە ناوەکانی “محەمەد ئەلعەزیزی” (٢٢ ساڵ) و “عەبود سۆبح” (٢٩ ساڵ) شەهید بوون و هێزە زایۆنیستەکان لەو کاتەدا لە گرتن یان شەهیدکردنی ئەلنابلوسی دا سەرکەوتوو نەبوون.
بە لەبەرچاوگرتنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان گرووپەکانی خۆڕاگری فەلەستین و ڕژێمی زایۆنیستی، ئەگەری ئەوە هەیە کە دوابەدوای ئەم کردەوەی زایۆنیستەکان، ناوچە داگیرکراوەکان ببنە ئامانجی هێرشی مووشەکی خۆڕاگری فەلەستین.



لێدوانەکان