ماڵپەڕەکانی دوو بەندەری گرنگی ڕژێمی زایۆنیستی هاک کران
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هاککەرانی لایەنگری فەلەستین ماڵپەڕەکانی بەندەرەکانی ئەشدود و ئیلاتیان لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین هاک کرد.
ڕۆژنامەی زایۆنیستی یەدیۆت ئەحرۆنۆت لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: گرووپێکی هاککەر کە خۆیان بە بەنگلادیشی ناساندووە، ڕۆژی رابردوو ڕایانگەیاند کە ماڵپەڕەکانی دوو بەندەری گرنگی ئیلات و ئەشدودیان لە ناوچە داگیرکراوەکان هاک کردووە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە کە ئایا ئەو هاککەرانە توانیویانە داتاکانی ئەم دوو بەندەرە بەدەست بهێنن یان نا.
لەم دواییانەدا ماڵپەڕەکانی سەر بە ڕژێمی زایۆنیستی لە لایەن هاککەرانی لایەنگری فەلەستینەوە هێرشیان کراوەتە سەر و لە نوێترین حاڵەتدا ماڵپەڕی شارەوانی تەلئەبیب لە لایەن هاککەرەکانی عێراقیەوە کراوەتە ئامانج.
هەفتەی ڕابردوو چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین ڕایانگەیاند کە زۆرێک لە ماڵپەڕەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی چەندین هێرشی سایبەرییەوە لە کار کەوتوون.
لێدوانەکان