تەقینەوە لە کابوڵ؛ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا بۆ سەر داعش یان هێرشی پاکستان بۆ سەر جوڵانەوەی تاڵیبان؟

دووشەممە 1 ئاب 2022 - 19:14
https://kurdish.iswnews.com/?p=15589

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان، هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نەناسراوەکان بۆ سەر چەند خاڵێک لە ناحیەی سێیەم و دەیەمی کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان بووەتە هۆی چەندین تەقینەوەی بەهێز.

بەرەبەیانی ڕۆژی رابردوو یەکشەممە ٣١ی تەمووز، چەند تەقینەوەیەک ناوچەکانی شیرپور و وەزیری ئەکبەر خان لە شاری کابوڵی هەژاند. بەشێک لە سەرچاوە ناوخۆییەكان پێیان وایە فڕۆكەكانی سوپای پاكستان هێرشیان كردووەتە سەر سێ گردبوونەوەی چەكدارانی تاڵیبانی پاكستان (TTP) و هەندێک سەرچاوەی دیكەی ناوخۆیی باسیان لە سورانەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئەمریكا لە ئاسمانی كابوڵ كردووە و هۆكاری ئەو تەقینەوەیانەیان گەڕاندۆتەوە بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەو فڕۆکانە.

لەلایەکی دیکەوە، رەحمەتوڵڵا نەبیل، بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی حکوومەتی پێشووی ئەفغانستان، لە هەمان سەرچاوەکانەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکای بۆ سەر کابوڵ پشتڕاست کردۆتەوە و رایگەیاندووە: «بەپێی ڕێککەوتنی دۆحە، ئەمریکا لە بەرەنگاربوونەوە و سەرکوتکردنی داعش یارمەتی تاڵیبان دەدات. بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکی لە ئاسمانی کابوڵ بینراون و هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی شاری کابوڵ. بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئامانجی ئەم هێرشانە حەشارگەی داعش بووە. دەبێت تاڵیبان بزانێت ئەگەر پشتگیری ئەفغانییەکان نەکەن حکومەتەکەیان زۆر ناخایەنێت. ئەوان ناتوانن وڵاتەکە بەڕێوەببەن و مەترسییەکی زۆر هەیە ئەفغانستان ببێتە پەناگەیەک بۆ توندڕەوەکان.»

فڕینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نەناسراوەکان لە کابوڵ و شارەکانی دیکەی ئەفغانستان بابەتێکە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەندین جار دووبارە بووەتەوە. ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە پێشتر هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی شورابەک لە باکووری ڕۆژئاوای شاری لەشکەرگاهـ و بنکەی تۆحیدئاباد و بنکەی حەیدەرئاباد لە شاری غەزنی و تا ئێستاش وردەکاریی پشتڕاستکراو لە ئەنجامدەر و سەرچاوەی ئەو هێرشانە دیار نییە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *