ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا: کۆتایی ئیسرائیل زۆر نزیک دەبینم

سێشەممە 26 ته‌مموز 2022 - 11:41
https://kurdish.iswnews.com/?p=15371

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سەید حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی بزووتنەوەی حزبوڵڵا، بۆ کەناڵی هەواڵی ئەلمەیادین قسەی کرد.

سەید حەسەن ڕایگەیاند کە خۆڕاگری حزبوڵڵا لە ساڵی ١٩٨٥ دەستی پێکردووە. لەو کاتەدا دوژمنی زایۆنی زۆر بەخێرایی ناچار بوو لەو ناوچانە بکشێتەوە کە دەستی بەسەردا گرتبوو. بەرپەرچدانەوە لەو سەردەمەدا دەستکەوتی هەموو ئەو گروپە خۆراگریانە بوو کە ئۆپەراسیۆنی ئیستشهادیان ئەنجام دەدا نەک تەنیا حزبوڵڵا. قۆناغی دووەمی بەرپەرچدانەوە بە هەنگاوەکانی حزبوڵڵا لە گوندەکانی هێڵی پێشەوە تا ساڵی ١٩٩٣ دەستی پێکرد.

ناوبراو وتی، كە دوژمن لە دوای شەڕی ٣٣ رۆژەوە ڕوبەڕوبوونەوە لەگەڵ خۆڕاگری بە مەترسی زانیوە. رژێمی زایۆنیستی دەزانێت هەر کارێک لە دژی لوبنان وەڵام دەدرێتەوە.

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان باسی لە پرسی کێڵگەی غازی کاریش کرد و رایگەیاند، ئێمە توانای بەرپەرچدانەوەمان هەیە و ئەگەر پێویست بکات وەڵام دەدەینەوە. تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی شەڕیش. بەڵام بەهۆی پێویستی ئەوروپا بە بەدیلێک بۆ نەوت و غازی ڕووسیا، لوبنان ڕووبەڕووی دەرفەتێکی مێژوویی بووتەوە. بایدن بەهۆی نەوت و غازەوە هاتە ناوچەکە، بەڵام نەوتی زیادەی سعوودیە و ئیماراتیش پێداویستییەکانی ئەوروپا چارەسەر ناکات. شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا وای لێکردوون بەدوای بەدیلێکدا بۆ نەوت و گازی ڕووسیا بگەڕێن. ئەمە دەرفەتێکی مێژوویی و زێڕینە بۆ ئێمە تا بۆ بەدەستهێنانی نەوتی خۆمان، گوشار دروست بکەین.

نەسروڵڵا ڕایگەیاند کە هیچ ئامانجێکی ئیسرائیلی لە دەریا و لەسەر زەوی نییە کە مووشەکەکانی زیرەکی خۆڕاگری نەتوانن هێرش بکەنە سەر. حکومەتی لوبنان بەهۆی داواکارییەکانی ئەمریکا ئیمتیازێکی زۆری سەبارەت بە هێڵی دەریایی ٢٣ داوە.

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا ڕایگەیاند، حکومەتی لوبنان توانای ئەوەی نییە بڕیارێکی دروست بۆ پاراستنی ئەم وڵاتە و سەرچاوەکانی بدات، بۆیە خۆڕاگری ناچارە بڕیار بدات. ئامانجمان ئەوەیە لوبنان نەوت و غاز دەربهێنێت چونکە ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ رزگارکردنی لوبنان. ئەمە هەنگاوێکە کە دەبێت ئەنجام بدرێت. ئێمە هیچ فێڵێک قبوڵ ناکەین و دەبێت مافی خۆمان [لوبنان] وەربگرینەوە. ئامانجمان ئەوەیە کە لوبنان نەوت و غاز دەربهێنێت و سنوورە دەریاییەکانی ئەم وڵاتە بە دروستی دیاری بکرێت.

سەید حەسەن ڕایگەیاند، دەربارەی نەوت، کێشە لە ئێمە نییە، بەڵکو کێشەی سەرەکی حکومەتی لوبنانە. من ئامادەم سووتەمەنی لە ئێرانەوە هاوردە بکەم، بە مەرجێک حکومەتی لوبنان ڕازی بێت. بەڵام کەس لە لوبنان ناوێرێت ئەم کارە بکات، چونکە ترسیان لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر بنەماڵەکانیان هەیە. ئه‌مڕۆ ره‌نگه‌ كۆمپانیاكانی ڕووسی و ئێرانی ئاماده‌بن هاوكاری لوبنان بکەن، به‌ڵام حكومه‌ت بوێری ئه‌وه‌ی نییە.

ناوبراو وتی: هیچ داهاتوویەک بۆ ڕژێمی زایۆنیستی نابینم، هەر بۆیە بە ڕژێمێکی کاتیی دەزانم و کۆتاییەکەی نزیک دەبینم، ئەمەش خەون و پێشبینی نییە بەڵکوو پشت بەو ئامارانە دەبەستێت کە بوونیان هەیە.

نەسروڵڵا وتی: ژمارەی ئەو زایۆنیستانە بزانن کە ناسنامەی دووەمیان هەیە و ئامادەی بەجێهێشتنی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستینن، پێویست بە تێپەڕبوونی چل بەهاری دیکە ناکات کە کۆتایی ڕژێمی زایۆنیستی ببینین. دیمەنی کۆتایی ئەم ڕژێمە لە ڕوانگەی منەوە وایە کە خەڵک بەرەو فڕۆکەخانەکان، بەندەرەکان و خاڵە سنورییەکان دەڕۆن، گۆڕانکارییە نێودەوڵەیییەکانیش لە کۆتایی هاتنی ڕژێمی زایۆنیستیدا کاریگەرییەکی زۆری هەیە.

ناوبراو دەربارەی ئۆپەراسیۆنی “شمشێری قودس” وتیشی، لەم شەڕەدا، هەموو ئەو زانیاریانەی کە هەمانبوو لەڕێگەی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەوە داومانە فەلەستینییەکان. پەیوەندی لە نێوان بەرەی خۆڕاگری هەیە. لە کاتی شەڕی شمشێری قودسدا سوپای پاسدارانیش لەم ژوورە هاوبەشەدا ئامادە بوو.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *