بەیاننامەی هاوبەشی سەرۆکانی ئێران و ڕووسیا و تورکیا

چوارشەممە 20 ته‌مموز 2022 - 12:02
https://kurdish.iswnews.com/?p=15165

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە کۆتایی کۆبوونەوەی ئاستانە لە تاران، بەیاننامەی هاوبەشی سەرۆکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، فیدراسیۆنی ڕووسیا و کۆماری تورکیا بڵاوکرایەوە.

سەرۆکایەتی ئێران راگەیەندراوی کۆتایی لوتکەی ئاستانە لە تاران کە لەنێوان ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی وڵاتەکەی و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بەڕێوەچو بڵاوکردەوە کە لە بەشێکیدا ئەوە راگەیەندراوە، هەرسێ لا رەزامەندیان نیشانداوە کە ئامادەکاری بۆ کۆبونەوەیەکی نێودەوڵەتی لەبارەی سوریاوە بکەن، رێکەوتون کۆبونەوەی سێ لایەنی داهاتووی ئاستانە لەسەر بانگهێشتی ڤلادیمیر پوتین لە ڕووسیا بەڕێوەبچێت”.

سەرۆکایەتی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئەنجامی کۆتایی لوتکەی ئاستانە لە تاران لە نێوان ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی وڵاتەکەی و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، “سەرۆکانی هەر سێ وڵات دۆخی سووریایان تاوتوێ کردووە و پێداچونەوەیان بە ئەنجامەکانی دوایین لوتکەی نێوانیان کە لە ١ی تەمموزی ٢٠٢٠ بەڕێوەچو کردووە و جەختیان لەوە کردەوە لە ژێر رۆشنایی رێکەوتنەکان و کۆبونەوەکانی وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ لادا، هەماهەنگی سێ لایەنی پەرە پێبدەن”.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “هەر لە کۆبونەوەکەدا دوایین گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، رۆڵی پێشەنگی کۆبونەوەکانی ئاستانە لە چارەسەری ئاشتیانەی قەیرانی سووریا دوپاتکراوەتەوە، سەرکردەی هەر سێ وڵات پابەندبونی خۆیان بە سەروەری و یەکپارچەیی و سەلامەتی خاکی سووریا بەگوێرەی میساقی نەتەوەیەکگرتوەکان راگەیاندوە و جەختیان لە ڕێزگرتن لەو بنەما جیهانیانە کردوەتەوە”.

لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها هاتووە، “بەردەوامی هێرشە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر سووریا، لەوانەش بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی، شەرمەزار کراوە. ئه‌و هێرشانه‌یان به‌ پێشێلكردنی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و یاسای مرۆیی نێوده‌وڵه‌تی و سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا و هەروەها ناسه‌قامگیركردن و چڕكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌ زانیوه‌. جەخت کراوە بە پێویستی پابەندبوون بە بڕیارە یاساییە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکان، لەوانە بڕگەکانی بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە داگیرکارییەکانی جۆلانی سووریا ڕەتدەکەنەوە، بەتایبەت بڕیارنامەکانی ٢٤٢ و ٤٩٧ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە هەموو ئەو بڕیار و کردارانەی کە ڕژێمی زایۆنیستی لەم بابەتەدا دراون، پووچەڵ و بێ کاریگەری یاسایی دەزانێت”.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنداوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، “سەرکۆنەی زیادبونی چالاکی گروپە چەکدارییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا کراوە، هاوکات جێبەجێکردنی هەمو رێکارێکی تایبەت بە باکوری سووریا بە گرنگ زاندراوە”.

هەر لە راگەیەندراوی کۆتایی لوتکەی ئاستانە لە تاران ئاماژە بەوە کراوە، “هەرسێ لا هەر هەوڵێکیان بۆ دروستکردنی واقعێکی نوێ لە سووریا رەتکردوەتەوە، هاوکات هەوڵەکانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری(حوکمی زاتی) بە نایاسایی وەسفکردووە و دوپاتیانکردەوە ئەوانە هەوڵێکن بۆ لاوازکردنی سەروەری خاکی سووریا و سەلامەتی هەرێمایەتی و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتانی دراوسێ و لەرێگەی هێرشەکانی سەرسنور، بەڵام چارەسەری سەربازی بۆ کێشەی سووریا رەتکراوەتەوە و جەخت لە رێگەی پرۆسەی سیاسی کراوەتەوە کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە ئاسانکاریان بۆ کراوە”.

لەلایەکی دیکەوە و هەر لە کۆبونەوەکەدا، “باس لە گرنگی گەڕانەوەی ئاوارەکان بەشێوەیی خۆویستانە بۆ شوێنە کۆنەکانی خۆیان لە سووریا و گەرەنتی سەلامەتی و پاراستن مافەکانیان لەکاتی گەڕانەوەیان کراوە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە هاوکارییەکانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و گەشەدان بە پرۆژەکان و بونیادنانەوەی ژێرخانی وڵاتەکە پێشکەش بکات”.

هاوکات لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوە ئاشکراکراوە، “سەرۆکانی هەرسێ وڵات رەزامەندیان دەربڕی لەسەر راسپاردنی نوێنەرەکانیان بۆ رێکخستنی کۆبونەوەی ١٩هەمینی نێودەوڵەتی لەبارەی سووریاوە لە کۆتایی ئەمساڵدا، هاوکات بڕیاردرا لوتکە ئاستانەی داهاتوو لە سەر بانگهێشتی ڤلادیمیر پوتین لە ڕووسیا بەڕێوەبچێت”.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *