گرنگترین هەواڵەکانی ١٣٩مین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ١٢ی تەمموزی ٢٠٢٢

سێشەممە 12 ته‌مموز 2022 - 19:17
https://kurdish.iswnews.com/?p=14884

كۆشكی سپی: ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا دەنێرێت!

جەیك سولیڤان لە لێدوانێکی راگەیاند کە ڕووسیا داوای وەرگرتنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی لە ئێران کردووە.

کۆشکی سپی لە لێدوانێکی سەیردا ڕایگەیاند کە پێی وایە ڕووسیا داوای لە ئێران کردووە “سەدان فڕۆکەی بێ سەرنشین” ڕادەستی ئەو وڵاتە بکات بۆ ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا لە ئۆکرانیا بەکاریان بهێنێت.

جەیك سولیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا لە كۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا ڕوون نییە كە ئایا ئێران هیچ فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی رادەستی ڕووسیا کردبێت، بەڵام واشنتۆن “زانیاری هەواڵگری”ی هەیە كە دەریدەخات ئێران خۆی بۆ راهێنانی هێزەكانی ڕووسیا بۆ بەكارهێنانی ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە ئامادە دەكات.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت: زانیارییەکانمان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران بەنیازە به‌مزووانه‌ سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بگەیەنێتە ڕووسیا، لەنێویاندا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە توانای هەڵگرتنی چەکی سەربازییان هەیە.

سوپای ئۆکرانیا بە بەکارهێنانی سیستەمی مووشەکی هیمارس هێرشی کردە سەر دامەزراوەکانی ناوچەی نۆڤاکاخۆڤکا لە پارێزگای خێرسۆن. دوای ئەم هێرشە تەقینەوەیەکی گەورە ڕوویدا و زیانێکی زۆر بە پێگەکانی ڕووسیا کەوت. تا ئێستا لەم هێرشەدا حەوت کەس کوژراون و زیاتر لە ٤٠ کەسیش برینداربوون.

وەزیری بەرگری ئۆکرانیا: زیانە گیانییەکانی سوپای ئۆکرانیا زیادی کردووە!
وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ وۆڵ ستریت جۆرناڵ، رایگەیاند، پێویستە پەرە بە یەکینەکانمان بدەین و بیانگۆڕین و رێکیان بخەین، چونکە زیانێکی گیانی زۆرمان بەرکەوتووە. ئێمە لە هاوبەشەکانمان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و چەکی زیاتر دەوێت.
پێویستە هەندێک ناوچە ئاوەدان بکەینەوە و سەنگەرەکان چاک بکەینەوە و پلانی ستراتیژی نوێی کارکردن دابنێین.
وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە مووشەکی دژە زرێپۆشی جاڤلین و NLAW لە لیستی ئامێرە گرنگ و پێویستەکانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیادا نەماوە و ئێستا کیێڤ پێویستی بە تۆپخانەی دوور مەودا هەیە.

کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بە پڕوپاگەندەی ئەمریکا سەبارەت بە ناردنی درۆنەکانی ئێران بە ڕووسیا

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران وتی کە هاوکارییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا لە بواری تەکنەلۆجیای نوێدا بۆ پێش شەڕی ئۆکرانیا دەگەڕێتەوە.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی تەمووز، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە لێدوانەکانی جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا سەبارەت بە فرۆشتنی تەکنەلۆجیای مۆدێرن ئێران بۆ ڕووسیا، وتی: مێژووی هاوکارییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و فیدراسیۆنی ڕووسیا لە بواری هەندێک تەکنەلۆژیای نوێدا، بۆ پێش دەستپێکردنی شەڕ لە ئۆکرانیا دەگەڕێتەوە، و هیچ پێشکەوتنێکی تایبەت بەم دواییانە لەم بارەیەوە ڕووی نەداوە.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران زیادی کرد: هه‌ڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی ئۆکرانیا ته‌واو ڕوونه‌ و چه‌ندین جار به‌ فه‌رمی ڕاگه‌یێندراوه‌.

بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان لە ناوچەی نۆڤاکاخۆڤکا، موشەکەکانی ئۆکرانیا بەر کۆگای کارگەیەک کە چەک یان پێوی کانزایی تێدابووە و کۆگایەکی هاوکارییە مرۆییەکان کەوتووە.
هه‌روه‌ها ئه‌و ئاگره‌ی كه‌ به‌هۆی ئه‌م هێرشانه‌وه‌ دروست بووه‌، بووه‌ هۆی سووتاندنی ٣٥ تۆن خۆراك و هه‌روه‌ها زیان به‌ چه‌ند باڵه‌خانه‌ی نیشته‌جێبوون و نه‌خۆشخانه‌ گەیاندووە. تا ئێستا زیاتر لە ٨٠ بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و حەوت کەسیش بێسەروشوێنن. ژمارەی کوژراوەکان تا ئێستا بە وردی دیار نییە و هێشتا ئۆپەراسیۆنی گەڕان بەردەوامە.

٧٢٠٠ سەربازی ئۆکرانیا بێسەروشوێن بوون!
ئۆلێگ کوتێنکۆ، سەرۆکی لیژنەی بارودۆخی تایبەتی ئۆکرانیا لە وتووێژێکدا لەگەڵ میدیاکانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ڕووسیا، ٧ هەزار و ٢٠٠ ئەندامی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، لەوانە پاسەوانی نیشتمانی، پاسەوانی سنوور و ئاسایشی ئۆکرانیا دیار نەماون. ئەم بەرپرسە ئۆکرانیایە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە زۆربەی سەربازە ونبووەکانی ئۆکرانیا لەلایەن سوپای ڕووسیا بەدیل گیراون.
ناوبراو هەروەها وتی، هیوادارە درەنگ یان زوو ئەو كەسانە لەگەڵ دیلە ڕووسەکان ئاڵوگۆڕ بكرێن و بگەڕێنەوە ماڵەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *