گرنگترین هەواڵەکانی ١٣٦مین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ٩ی تەمموزی ٢٠٢٢

یەکشەممە 10 ته‌مموز 2022 - 01:05
https://kurdish.iswnews.com/?p=14783

هێزەکانی سوپای ئۆکرانیا بە کەڵک وەرگرتن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سویچ بلید هێرشیان کردە سەر شوێنی گردبوونەوە و ئۆتۆمبێل و بارەگاکانی سوپای ڕووسیا. ئاماژە بە شوێن و کاتی ئەم هێرشانە نەکراوە.
شایانی باسە بە درێژایی شەڕی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیادا، سوپای ئەمریکا زیاتر لە ١٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سویچ بلید ٣٠٠ی بۆ سوپای ئۆکرانیا دابین کردووە. فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی Switchblade 300 دەتوانرێت تا دووری ١٠ کیلۆمەتر کۆنتڕۆڵ بکرێت، هەروەها سەری جەنگی یەکسانە بە نارنجۆکێکی ٤٠ ملم بۆ بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی سووک و سەربازەکان.

هێزەکانی لیوای ٤٠ی سوپای ئۆکرانیا بە کەڵک وەرگرتن لە فڕۆکە بێفڕۆکەوان و ئاراستەکردنی تەقەی تۆپخانەکان و بەکارهێنانی هاویتزەرەکانی M777 کە لەلایەن ئەمریکاوە بەخشراون، شوێنی هێزەکانی سوپای ڕووسیایان لە بەرەی گراکۆ لە پارێزگای خارکیڤ کردە ئامانج. تا ئێستا هیچ وردەکارییەک لە زیانەکانی سوپای ڕووسیا لەم هێرشەدا بڵاونەکراوەتەوە.

– کۆبوونەوەی گروپی جی ٢٠ لە ئەندەنوسیا بەبێ ئەنجام کۆتایی هات
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گروپی جی٢٠ لە بالی پایتەختی ئەندەنوسیا لە ٨ی تەمموزدا، بە تیشک خستنە سەر شەڕی ئۆکرانیا و قەیرانی وزە و ئاسایشی خۆراک، دوای دوو ڕۆژ لە دانوستان و گفتوگۆ بێ ئەنجام کۆتایی هات.
وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا ڕه‌خنه‌یان له‌ ڕووسیا گرت که‌ ڕێگری له‌ هه‌نارده‌کردنی گازی سروشتی و گواستنه‌وه‌ی دانه‌وێڵه‌ی ئۆکراینی بۆ جیهان ده‌کات. هه‌روه‌ها سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له‌ میانه‌ی وتاری وه‌زیرانی وڵاتانی ئه‌وروپا شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی جێهێشت.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەم گروپە لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە دوورگەی بالی کە دەکەوێتە ئەندەنوسیا بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەکرێت ڤلادیمێر پوتین بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بکات. دوابەدوای ئەم ئەگەرە، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر پوتین ئامادە بێت، بەشداری کۆبوونەوەی داهاتوو ناکەن.

– زێلێنسکی داوای ناردنی ژمارەیەکی زیاتری مووشەک هاوێژی هیمارس بۆ ئۆکرانیا کرد
لە پەیامێکی تویتەردا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی وێڕای بەرزنرخاندنی پشتگیرییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا لە جەنگەکەدا، داوای ناردنی ژمارەیەکی زیاتری مووشەک هاوێژی HIMARS بۆ ئۆکرانیا کرد. زێلێنسکی رایگەیاندووە کە ئەم مووشەک هاوێژانە یارمەتیدەرە بۆ فشارخستنە سەر ڕووسیا.
لەم بارەیەوە بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند کە چوار مووشەک هاوێژی هیمارس لەگەڵ تەقەمەنی و تۆپی ١٥٥ ملم بە بەهای ٤٠٠ ملیۆن دۆلار لە شێوەی پاکێجێکی نوێی هاوکاری چەکی ئەمریکی ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکرێن.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە سەرەتای جەنگەوە سوپای ئۆکرانیا ٨ مووشەک هاوێژی هیمارس (دروستکراوی ئەمریکا)ی وەرگرتووە کە بە پاکێجی نوێشەوە، ئەم ژمارەیە دەگاتە ١٢ موشەک.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *