حزبوڵڵای عێراق: هێرشەکانی تورکیا بە هاوکاری حکومەتی ھەرێم دەکرێت

پێنجشەممە 7 ته‌مموز 2022 - 11:53
https://kurdish.iswnews.com/?p=14677

وتەبێژی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق بە ڕەخنەگرتن لە بێدەنگی حکوومەتی مستەفا کازمی سەبارەت بە دەستدرێژییەکانی تورکیا ڕایگەیاند کە ئەمە وادەکات پەرلەمان لێپرسینەوە لە حکوومەت بکات.

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ “محەممەد موحیی”، وتەبێژی “کەتیبەکانی حزبوڵڵا”ی عێراق، ڕەخنەی لە بەردەوامی بێدەنگی حکوومەتی “مستەفا کازمی” سەبارەت دەستدرێژییە بەردەوامەکانی تورکیا لە عێراق و هاودەستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ داگیرکارانی تورک گرت.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: ڕوونە كە هاودەستی لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و داگیركارانی توركدا هەیە، ئەمەش وای کردووە کە تاوانەکانی ڕۆژانەی تورکیا لە دژی هاووڵاتییانی بێتاوانی کورد لەلایەن ئەوانەوە ئیدانە نەکرێت. ئەمەش بۆ ئەو پەیوەندییە دەگەڕێتەوە کە حکومەتی هەرێمی بە تورکیاوە گرێداوە و پیشاندەری بەرژەوەندی تەسکی گرووپ و حزبێکە لە بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی عێراق و تەنانەت خەڵکی کورد.

موحیی لە درێژەدا ئاماژەی بە بێدەنگیی بەغدا سەبارەت بە دەستدرێژییەکانی تورکیا کرد و وتی: حکوومەتی کازمی لەبەر لاوازی و نەبوونی ئیرادە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییەکانی تورکیا، کە سەرەڕای دەستدرێژی ئاسمانی، ناوچەیەکی فراوانی لە خاکی عێراق بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) داگیر کردووە، تەنیا بەیاننامەیەک دەردەکات کە ئەویش جێی شەرمەزارییە و لە هیچ کارتێکی گوشاری عێراق بۆ ڕاگرتنی سیاسەتی دوژمنکارانەی تورکیا کەڵکی وەرنەگرتووە.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: هەڵوێستی ئەم حكومەتە گرنگی نەدانی ئاشکرا بە سەروەری عێراق و جێبەجێنەكردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتی نیشتمانییە. بابەتێک کە پێویستە نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەن، بە تایبەتی کە ئەم حکومەتە، حکومەتێکی کاڕبەرێکەرە.

وتەبێژی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە کارتی گوشار و ئایا بەغدا ئامرازێکی هەیە بۆ رێگریکردن لە دەستێوەردانی تورکیا لە باکووری عێراق، وتی: عێراق کارتی گوشاری زۆری لە دژی تورکیا لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، ئەمنی و هەروەها دیپلۆماسی هەیە. تورکیا بەرژەوەندیی زۆری لە عێراقدا هەیە، ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا و ئاڵوگۆڕی بازرگانی زۆر گەورەی هەیە و هێڵەکانی گواستنەوە لە تورکیاوە بۆ وڵاتانی کەنداوی فارس بە عێراقدا تێدەپەڕن و هەموو ئەمانەش نیشانەی چەندین کارتی گوشار دەکەن کە ئەگەر بەجدی کەڵکی لێ وەربگیرێت، تورکیا ناتوانێت عێراق و سەروەریی لە بەرچاو نەگرێت.

ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: بابەتێکی گرنگ هەیە کە پێویستە گرنگی پێ بدرێت، ئەویش مافی گەلی عێراقە لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکارییەکانی تورکیا، خۆڕاگری عێراق توانای ئەوەی هەیە زیان بە سوپای تورکیا بگەیەنێت و ناچار بە پاشەکشەی بکات. وەک چۆن سوپای داگیرکاری ئەمریکای لە کۆتایی ساڵی ٢٠١١دا ناچار بە شکست و پاشەکشە لە عێراق کرد.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *