گرنگترین هەواڵەکانی ١٣٠مین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ٣ی تەمموزی ٢٠٢٢
هێرشی موشەکی سوپای ئۆکرانیا بۆ سەر پێگەکانی ڕووسیا لە شاری مێلیتۆپۆل
سوپای ئۆکرانیا بە کەڵک وەرگرتن لە سیستمی مووشەکی هیمارس، ١٢ موشەکی ئاراستەی سەنگەرەکانی سوپای ڕووسیا لە فڕۆکەخانەی مێلیتۆپۆل لە باشووری ئۆکرانیا کرد. بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا هەشت تەقینەوە روویانداوە و دوکەڵی قورس لەم ناوچەیە بەرزبووەتەوە.
هێرشی مووشەکی سوپای ئۆکرانیا بۆ سەر پێگەکانی ڕووسیا لە بێلگۆرۆد
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئۆکرانیا بە چەند مووشەکێک هێرشی کردە سەر پێگەکانی ڕووسیا لە پارێزگای بێلگۆرۆد لە ڕۆژئاوای ڕووسیا.
بە وتەی ڤیاچێسلاڤ گلادکۆڤ، پارێزگاری پارێزگای بێلگۆرۆد، ئەم هێرشە بووەتە هۆی وێرانکردنی چەندین بینای نیشتەجێبوون و برینداربوونی چەند کەس.
ژمارەی قوربانیانی ئەم هێرشە بۆ ٥ کەس زیادی کردووە، هەروەها موشەکەکان زیانیان بە ٥٠ بینا گەیاندووە.
لە وێنەکاندا دەردەکەوێت کە مووشەکی بەرگری PANTSIR-S1M دوای ئەوەی بەرپەرچی هێرشەکەی داوە کەوتۆتە سەر ناوچە نیشتەجێبوونەکان.
سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوپای ڕووسیا توانی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای ئۆکرانیا بۆ سەر پارێزگای کورسک لە ڕۆژئاوای ڕووسیا بەرپەرچ بداتەوە. بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، سوپای ڕووسیا لەم شەڕەدا دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تو-١٤٣ی ئۆکرانیای خستۆتە خوارەوە.
شاری لیسیچانسک لەلایەن ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵ کرا!
دوای ١٣٠ ڕۆژ لە شەڕی ئۆکرانیا، شاری گرنگ و پیشەسازی لیسیچانسک لەلایەن هێزەکانی ڕووسیا و هاوپەیمانەکانیەوە دەستی بەسەردا گیرا.
لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا، دوای ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا چوونە ناو شاری لیسیچانسک، تەواوی هێزەکانی ئۆکرانیا لەم شارە و ناوچەکانی دەوروبەری بەرەو بێلۆگوریڤکا پاشەکشەیان کرد و شاری لیسیچانسک کەوتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ڕووسیا. لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنی ئەمنی بۆ کێوماڵکردنی شارەکە بەردەوامە.
بەپێی دوایین هەواڵەکان، هێزەکانی ڕووسیا چوونەتە ناو گوندی بیلۆگۆریڤکا و ئەو گوندەش لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە.
بەو پێشڕەوییانەی کە هێزەکانی ڕووسیا کردوویانە، کۆنترۆڵی پارێزگای لوهانسک دوای چوار مانگ لە شەڕ بە تەواوی کەوتە دەست ڕووسیا و هاوپەیمانەکانیەوە و حکومەتی ئۆکرانیا بۆ یەکەمجار کۆنترۆڵی پارێزگایەکی بە تەواوی لەدەستدا.
لێدوانەکان