وڵاتانی کەناری دەریای قەزوین: ڕێگە بە بوونی سەربازی وڵاتانی دیکە نادەین!
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ شەشەمین لوتکەی وڵاتانی کەناری دەریای قەزوین لە عیشق ئابادی پایتەختی تورکمانستان بەڕێوەچوو.
شەشەمین لوتکەی وڵاتانی کەناری دەریای قەزوین بە بەشداری سەرکردەکانی ڕووسیا، ئێران، کازاخستان، تورکمانستان و کۆماری ئازەربایجان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی حوزەیران لە عیشق ئابادی پایتەختی تورکمانستان بەڕێوەچوو.
لە پەراوێزی ئەو دیدارەدا ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران بە جیا لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا، قاسم جومارت تۆکایێڤ سەرۆک کۆماری کازاخستان، سەردار بێردی موحەمەدۆف سەرۆک کۆماری تورکمانستان و ئیلهام عەلیێڤ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان دیداری کرد. وێنەکانی گفتوگۆیەکی نزیک، لە باوەش گرتنی سەرۆکەکانی ئێران و ڕووسیا لەم کۆبوونەوەیەدا بوونەتە مانشێتی هەواڵە جیهانییەکان.
بە وتەی کاربەدەستانی ئێران، جگە لە پرسی یاسایی دەریای قەزوین، هاوکاریی نێوان وڵاتان لە بوارەکانی گواستنەوە، ترانزێت، بازرگانی، بەڕێوەبردنی سەرچاوە زیندووەکان، ژینگەپارێزی و پێشگیری لە ئامادەبوونی بێگانەکان و گفتوگۆکانی دوو قۆڵی پرسەکانی ئەم گەشتە بوون.
بە وتەی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سەرکردەکانی وڵاتانی بەشدار جەختیان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان ئەو پێنج وڵاتە کردەوە و ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ڕێگە بە بوونی سەربازی لە دەریای قەزوین بۆ وڵاتانی بێگانە نەدرێت.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە یەکەمین خولی لوتکەی وڵاتانی کەنارەکانی دەریای قەزوین لە ساڵی ٢٠٠٢ لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی ئەوکاتی تورکمانستان “سەفەر موراد نیازۆڤ” لە پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچووە و لە خولی پێنجەمی ئەم کۆبوونەوانەدا، رێککەوتننامەی یاسایی دەریای قەزوین لەلایەن سەرکردەکانی ئەم وڵاتانەوە واژۆ کرا.
لێدوانەکان