سێ هێرشی ڕۆکێتی بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا!
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا سێ جار لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بە ڕۆکێت کراوەتە ئامانج.
تا ئێستا هیچ گروپ یان لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکانی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام هەندێک سەرچاوە بەبێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەکی گروپە خۆڕاگرییەکانی عێراقی تۆمەتبار دەکەن. لەلایەکی دیکەوە جەعفەر حسێنی وتەبێژی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق ئەو گروپانەی پەیوەندییان بە دەزگای هەواڵگری تورکیاوە هەیە بە ئەنجامدەری ئەو هێرشانە زانیوە.
حەشدی شەعبی هەروەها لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژە بە هێرشەکانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر ڕایگەیاندووە کە ئەو هێرشانە کارێکی تێکدەرانەیە و دەستی لایەنە دەرەکییەکانی بۆ دوژمنایەتی گەلی عێراق لە پشتەوەیە.
لیژنەی هەماهەنگی خۆڕاگری عێراق هەروەها هێرش بۆ سەر هەندێک کۆمپانیا لە سلێمانی بە کارێکی تێکدەرانە لەلایەن لایەنە بیانییەکانی دوژمنی گەلی عێراق ناو بردووە.
کۆرمۆر یەکێکە لە گوندەکانی شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی و کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی گازی تێدا دەکەن و یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان بەتایبەت نەوت و گاز.
لێدوانەکان