گرنگترین هەواڵەکانی ١٢٢مین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ڕووسیا لانیکەم ٤٠ موشەکی ئاراستەی پێگە سەربازییەکانی ئۆکرانیا لە پارێزگاکانی کیێڤ، خارکیڤ، میکۆلایڤ، دنیپرۆپترۆڤسک، ژیتۆمیر و لڤیڤ کرد.
سەرچاوە ناوخۆییەکانی ئۆکرانیا ژمارەی ئەو مووشەکانەی کە لە میکۆلایڤ ٧ مووشەک و لە دنیپرۆپترۆڤسکیش ٢٤ مووشەک ڕاگەیاندووە.
تۆپخانەکانی لیوای ٥٦ی سوپای ئۆکرانیا بە سوود وەرگرتن لە درۆن، هێرشیان کردە سەر دوو کۆگای لۆجستیکی ڕووسیا لە ناوچەی نێڤۆدۆنتسکی. تا ئێستا هیچ وردەکارییەک لەبارەی زیانەکانی سوپای ڕووسیا لەم هێرشەدا بڵاونەکراوەتەوە.
سوپای ئۆکرانیا کۆگایەکی تەقەمەنی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەی ئۆسواتو لە باکووری ڕۆژئاوای لوهانسک بە موشەکی توچکا کردە ئامانج.
وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا: هێرشە مووشەكییەكانی ئەمڕۆی ڕووسیا لە ئاسمانی بێلاڕووسەوە ئەنجام دران!
بەپێی زانیارییەكانی دەزگای هەواڵگری وەزارەتی بەرگری ئۆكرانیا، هێرشە مووشەكییەكان ئەمڕۆ لە لایەن شەش فڕۆكەی جەنگی جۆری Tu-22M3 ئەنجام دراون. فڕۆکەکان بە کەڵک وەرگرتن لە ئاسمانی بێلاڕووس ١٢ مووشەکی کروزیان ئاراستەی چەند ئامانجێک لە پارێزگاکانی کیێڤ، چێرنیهیڤ و سامی کردووە. ئەمە یەکەم هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئۆکرانیا بوو کە راستەوخۆ لە ئاسمانی بێلاڕووسەوە ئەنجام دران. دەزگای هەواڵگری وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا پێی وایە هێرشەکە هەوڵێکی ڕووسیا بووە بۆ ڕاکێشانی بێلاڕووس بۆ شەڕی دژی ئۆکرانیا.
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس کۆبوونەوە.
پوتین لە میانەی کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە هاوپەیمانی ڕووسیا و بێلاڕووس وتی: ڕێکەوتن لەسەر هەموو شتێک کراوە، و جێبەجێ دەکرێت. ڕووسیا لە چەند مانگی داهاتوودا سیستەمی مووشەکی Skandar-M ڕادەستی بێلاڕووس دەکات.
ئەمریکییەکان ٢٠٠ بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و ٢٥٧ فڕۆکەیان بۆ بەکارهێنان لە شەش وڵاتی ئەندامی ناتۆ جێگیر کردووە.
لوکاشینکۆ جێبەجێکردنی سزاکانی ئەم دواییەی لیتوانیا بۆ سەر کالینینگراد بە ڕاگەیاندنی جەنگ ناوبرد و داوای لە پوتین کرد وەڵامدانەوەی هەبێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ سوپای ڕوسیا بە چەند مووشەکێکی کروز هێرشی کردە سەر شارۆچکەی سارنی سەر بە پارێزگای ڕیونە لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا.
سەرچاوە ئۆکراینییەکان لە بیستنی دەنگی چوار تەقینەوە هەواڵیان داوەتەوە.
لێدوانەکان