دوای ڕێککەوتنی بێنێت و لاپید؛ پەرلەمانتارانی ئیسرائیلی دەنگیان بە هەڵوەشاندنەوەی کنێست دا!
دوابەدوای بڕیاری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی رژێمی زایۆنیستی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کنێست و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەندامانی پەرلەمانی ئەو رژێمە دەنگیان بە هەڵوەشاندنەوەی کنێست دا.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوای ڕێکەوتنی نەفتالی بێنێت سەرۆک وەزیران و یایر لاپید وەزیری دەرەوەی رژێمی زایۆنیستی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی کنێست و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەندامانی پەرلەمانی ئەو رژێمە بە ١١٠ دەنگی بەڵێ دەنگیان بە هەڵوەشاندنەوەی کنێست دا. هەڵوەشاندنەوەی کنێست یەکەم هەنگاوە بەرەو پێنجەمین هەڵبژاردن لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا.
کاتێک سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆ دوای ١٢ ساڵ بەهۆی لاوازی لە شەڕی دژی خۆڕاگری فەلەستین لە شەڕی شمشێری قودس، دۆسییەی یاسایی و تۆمەتی گەندەڵی و ساختەکاری، شکستهێنان لە بەدەستهێنانی دەنگەکانی کنێست و پێکنەهێنانی کابینە لە حوزەیرانی ٢٠٢١ کۆتایی هات، نەفتالی بێنێت بۆ ماوەی چوار ساڵ بە ١٣هەمین سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی هەڵبژێردرا.
یایر لاپید، سەرۆکی پارتی یاش عەتید و نەفتالی بێنێت، سەرۆکی پارتەکەی یامینە رێککەوتن لەسەر ئەوەی بینێت بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک سەرۆکوەزیران دەست بەکار بێت و لە دوو ساڵی کۆتاییدا لاپید ئەو بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام هەموو هەوڵەکانیان بۆ هێشتنەوەی فراکسیۆنە هەشت حیزبییەکە شکستی هێنا.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان بینێت و لاپید و هەڵوەشاندنەوەی کنێست، تا هەڵبژاردنی داهاتوو لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، “یایر لاپید” بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ پۆستی سەرۆک وەزیرانی رژێمی زایۆنیستی دەگرێتە ئەستۆ. بەم شێوەیە لاپید وەک سەرۆکوەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی میوانداری سەردانی داهاتووی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ فەلەستینی داگیرکراو دەکات.
لێدوانەکان