هێرشی ئاسمانی ڕووسیا بۆ سەر پێگەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە سووریا!

دووشەممە 20 حوزه‌یران 2022 - 00:02
https://kurdish.iswnews.com/?p=13787

بەگوێرەی زانیارییەكانی بەرپرسانی سەربازیی ئەمریكا، سوپای ڕووسیا لەم مانگەدا چەند هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر پێگەكانی هاوپەیمانی ئەمریكا لە سووریا ئەنجام داوە.

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا رایانگەیاندووە کە هێزەکانی ڕووسیا لەم مانگەدا زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان، لەوانە هێرش بۆ سەر بنکەی ئەلتەنف لە باشوری سووریا دژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە سووریا ئەنجام داوە.

فەرماندەکانی ئەمریکا نیگەرانی خۆیان لە کردەوەکانی ڕووسیا دەربڕیوە، چونکە ترسیان هەیە کە لێکدانەوەیەکی هەڵە ببێتە هۆی دروستبوونی ململانێیەکی نەخوازراو لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ڕووسیا لە سووریا. بە سەرنجدان بە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و پشتیوانی بەرفراوانی ئەمریکا لە سوپای ئۆکرانیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ڕووسیا، پێدەچێت لایەنی ڕووسیا هەوڵی ئەوە دەدات ئەمریکا ئاگادار بکاتەوە کە کردەوەی دژە ڕووسیای ئەمریکییەکان لە شەڕی ئۆکرانیادا ڕەنگە کاریگەری لەسەر سەربازە ئەمریکییەکان لە سووریادا هەبێت!

لە ١٦ی حوزەیرانی ئەمساڵدا فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا هێرشیان کردە سەر چەند ئامانجێک لە بنکەی ئەلتەنف. دوابەدوای هێرشەکە، چەکدارەکانی “مغاویر الثوره” چەند وێنەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند کە بارەگاکانیان لە بنکەی ئەلتەنف لە هێرشێکی ئاسمانیدا کراوەتە ئامانج.
بەر لە هێرشەکە ڕووسیا ئەمریکای ئاگادار کردەوە کە بەنیازە لە وەڵامی بە ئامانج گرتنی سوپای سووریا هێرشێکی ئاسمانی ئەنجام بدات کە ئەگەری هەیە زیان بە سەرباز و ئۆتۆمبێلەکانی ئەو بنکەیە بگەیەنێت.

یەکێک لە فەرماندەکانی ئەمریکا وتی: پاش ماوەیەکی کەم لە پەیامەکەی ڕووسیا و پێش ئەوەی هێرش بکەنە سەر بنکەی ئەلتەنف، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا کە دوو فڕۆکەی سوخۆی-٣٥ و فڕۆکەیەکی سوخۆی-٢٤ بوون بەسەر بنکەی ئەلتەنفدا فڕیون.
ژەنەڕاڵ مایکل ئێریک کۆریێلا، فەرماندەی بارەگای سێنتکۆم سەبارەت بە کردەوەکانی ئەم دواییەی ڕووسیا لە سووریا وتی کە ڕەفتارەکانی ئەم دواییەی ڕووسیا ورووژێنەر و توندتر بووە. ئێمە هەوڵدەدەین خۆمان لە لێکدانەوەکانی هەڵە یان کۆمەڵێک کردار کە ببێتە هۆی ناکۆکی ناپێویست بەدوور بگرین.

ئەمە یەکەم جار نییە کە ناوچەی ئەلتەنف گرژی لە نێوان ڕووسیا و ئەمریکا دروست بکات. لە ساڵی ٢٠١٦ فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا بنکەی ئەلتەنفیان بۆردومان کرد. لەو کاتەدا هێزەکانی ئەمریکا لەو بنکەیە جێگیر نەبوون و لە هێرشەکەی رووسیاشدا چەند چەکدارێک کوژران، بەڵام لە هەمان کاتدا دوو فڕۆکەی جەنگی ئێف-١٨ی هێزی دەریایی ئەمریکا بە ئاسمانی ناوچەکانی نزیک بنکەکە ئامادە بوون. بەرپرسانی ڕووسیا دوای هێرشەکە ڕایانگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا تەنیا مەبەستیان هێرشکردنە سەر ئەو چەکدارانە بووە.
ژەنەڕاڵ ڤلادیمێر زارۆدنیتسکی لە ساڵی ٢٠١٧ داوای لە فەرماندە باڵاکانی سوپای ئەمریکا کرد لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا هێزەکانیان لە بنکەی ئەلتەنف بکشێننەوە. ژەنەڕاڵ ستیڤن تاونسێند، فەرماندەی گشتی هاوپەیمانی ئەمریکا داواکەی ئەو فەرماندە ڕووسیەی ڕەتکردەوە و دوای هەندێک گرژی، ژەنەڕاڵی ڕووسیا داواکەی کشاندەوە.

شایانی باسە بەپێی میدیاکانی ئەمریکا نزیکەی ٩٠٠ سەربازی ئەمریکی بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا ئامادەن کە ٢٠٠ کەسیان لە بنکەی ئەلتەنف جێگیرن و تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی خەلافەتەکەی داعشیش ئەو هێزانە بە گۆڕی ناوی ئۆپەراسیۆنەکانیان، ئەم وڵاتەیان جێنەهێشتووە.
ناوچەی ئەلتەنف لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ساڵانێکە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە داگیرکراوە و ڕێگە بە هێزەکانی خۆڕاگری نادرێت نزیک ناوچەکە ببنەوە. بنکەی ئەلتەنف لە سێگۆشەی سنووری نێوان سووریا، عێراق و ئوردن، ئەو بنکەی کردوویەتی بە بنکەیەکی ستراتیژی و بەرپرسانی ئەمریکا بەنیاز نین بە ئاسانی لەدەستی بدەن.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *