هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر پەرستگای هیندۆسەکانی ئەفغانستان + ڤیدیۆ
لە ئەنجامی تەقینەوەیەک و هێرشێکی تیرۆریستی چەکدارانی نەناسراو بۆ سەر ڕێوڕەسمێکی ئایینی هیندۆسەکانی ئەفغانستان لە کابوڵی پایتەختی ئەو وڵاتە، چەندین کەس بوونە قوربانی.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٨ی حوزەیران، چەند چەکدارێکی نەناسراو هێرشیان کردە سەر ڕێوڕەسمێکی ئایینی هیندۆسەکانی ئەفغانستان لە پەرستگای گەردەنە باغ لە ناوچەی چوارەمی کابوڵ. هێرشبەرەکان بە تەقاندنی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو و هاوێشتنی چەند بۆمبێکی دەستی، هێرشیان کردە سەر پەرستگاکە و پێکدادانیان لەگەڵ چەکدارانی تاڵیبان کرد کە پاراستنی رێوڕەسمەکەیان لە ئەستۆ بوو.
لە ئاکامی ئەم هێرشە تیرۆریستیەدا کەسێکی هیندۆسی و چەکدارێکی تاڵیبان کوژران و حەوت کەسی دیکەی مەدەنی بریندار بوون. هەروەها هەموو هێرشبەرەکانی (پێدەچێت سێ کەس) ئەم هێرشە تیرۆریستییە لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە کوژران.
تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هێرشەکانی پێشووی داعش بۆ سەر شوێنەکان و گردبوونەوەکانی کەمینەکانی هیندۆسی و سیخەکانی ئەفغانستان، لەوانەیە ئەم هێرشە لەلایەن ئەندامانی ئەو گرووپە تیرۆریستییەوە ئەنجامدرابێت.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ژمارەی دانیشتوانی سیخ و هیندۆس لە ئەفغانستان تا ساڵی ١٩٧٠ نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس بووە و لە شارەکانی جەلالئاباد و غەزنی و کابوڵ ژیاون. بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە ئەفغانستان، زۆربەیان بۆ هیندستان و وڵاتانی دیکە کۆچیان کرد و پێش هاتنە سەرکاری تاڵیبان، ژمارەی دانیشتووانیان نزیکەی هەزار کەس بوو. بە هەڕەشە و شەپۆلی نوێی نائەمنی، زۆربەی ئەو کەسانەش کۆچیان کردووە و بە وتەی سەرکردەکانی کەمینەکانی سیخەکان، تەنیا ١٤٠ هیندۆس و سیک لە ئەفغانستاندا ماونەتەوە.
لێدوانەکان