لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی چی گوزەرا؟ / بۆ مستەفا کازمی بەشداری کۆبوونەوەکەی کرد؟

هه‌ینی 17 حوزه‌یران 2022 - 21:30
https://kurdish.iswnews.com/?p=13668

بۆ یەکەم جار، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنج شەممە 16 ی حوزەیرانی ماڵی فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بەشداریی کرد.

سەرکردە و نوێنەرانی لایەنەکانی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی فالح فەیاز کۆبوونەوە و لە ڕووداوێکی کەم وێنەدا، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق بەشداریی لە کۆبوونەوەکەدا کرد و ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە سەید موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاندووە بە تەواوی لە پرۆسەی سیاسی عێراق کشاوەتەوە و هیچ گەڕانەوەیەک بۆ 73 ئەندامی فراکسیۆنەکەی بۆ پەرلەمان نییە.

لەم هەلومەرجەدا بەشداریی مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەکەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی فالح فەیاز پرسیاری زۆری بە دوای خۆیدا هێنا بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە ئامادەبوونی کازمی لەو کۆبوونەوەدا بە ئامانجی ڕێکەوتنی مانەوە و بەردەوامبوونی لە پۆستەکەیدا بووە و بە چەشنێک ئاڵوگۆڕی پەیامی دڵنیایی لە نێوان هەر دوو لادا بووە. ئەمەش یەکەم جار بووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی کە تێڕوانینی جیای لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق هەیە، میوانداری لە کازمی دەکات.

بەڵام مەحمود ڕۆبەیعی ئەندامی مەکتەبی سیاسی سادیقون، یەکێک لە لایەنە سیاسییەکانی شێعە، لە تویتێکدا ڕایگەیاند: بەشداریی کازمی لە کۆبوونەوەی سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و ڕێوشوێنی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، بەڕێوەبردنی وڵات، ڕێگری لە هێرشەکانی تورکیا و بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی داعش بۆ ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوخۆیی عێراق بووە.

ئەم گۆڕانکارییانەش لە کاتێکدایە کە دۆخی سیاسی عێراق هێشتا ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئێستای لە بەردەمدا نییە و لە نوێترین پێشهاتیشدا موقتەدا سەدر ڕایگەیاندووە کە هیچ گەڕانەوەیەک بۆ پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی لە ئارادا نییە.

لە کۆبوونەوەکەدا چی گوزەرا؟

چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە سیاسییەکانی شێعە، ڕۆژی پێنج شەممە 16 ی حوزەیران، بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هێرشەکانی تورکیا و دۆخی ئەمنی و شەڕی دژ بە تیرۆری تاوتوێ کرد.

لە بەیاننامەیەکی فەرمی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هاتووە کە دوو تەوەری سەرەکی لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ کراوە. یەکەم، دۆخی ئەمنی و پێشێلکردنی سەروەری عێراق لە لایەن تورکیاوە و کێشەکانی بەردەم لە شەڕی دژ بە تیرۆر و هەروەها بەشداریی عێراق لە کۆنفرانسی وزەی ڕیاز. دووەم، دۆخی سیاسی و دانوستانی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەتێک بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان.

چوارچێوەی هەماهەنگی شاندێکی بۆ دانوستان لە گەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عێراق ڕاسپاردووە.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *