چوارچێوەی هەماهەنگی: ڕێز لە بڕیاری ڕەوتی سەدر دەگرین

سێشەممە 14 حوزه‌یران 2022 - 10:38
https://kurdish.iswnews.com/?p=13510

لیژنەی هەماهەنگی شیعەکانی عێراق وێڕای ڕێزگرتن لە دەستلەکارکێشانەوەی نوێنەرانی موقتەدا سەدر رایگەیاند کە بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی.

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئێوارەی ڕۆژی رابردوو (دووشەممە) لیژنەی هەماهەنگی شیعەکانی عێراق کە بە (چوارچێوەی هەماهەنگی) ناسراوە، بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە کۆبووەوە.

چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند کە بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی و بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکردن لەگەڵ هەموو گروپە سیاسییەکان بەمەبەستی پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی.

چوارچێوەی هەماهەنگی جەختیشی كردۆتەوە كە هیوادارن بتوانن لەگەڵ هەموو گروپە سیاسییەكان كار بكەن، بەڵام رێز لە بڕیاری فراكسیۆنی سەدر و دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامەكانی لە پەرلەمان دەگرن.

چوارچێوەی هەماهەنگی هەروەها ڕایگەیاندووە، بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ بەدەستهێنانی بەشدارییەکی گشتگیر بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی عێراق بۆ ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها بۆ ئەوەی عێراق ڕۆڵی خۆی لە ناوچەکە و جیهاندا وەربگرێتەوە.

موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در ئێواره‌ی ڕۆژی یەکشەممە داوای له‌ نوێنه‌رانی ئه‌م ڕه‌وته‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد كه‌ نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان بكه‌ن. ناوبراو لە لێدوانێکیدا بۆ هاوپەیمانانی پەرلەمانی ڕەوتی سەدر وتی: لە پەرلەمان بە هاوپەیمانەکانم دەڵێم ئێوە لە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ ئێمە ئازادن.

ناوبراو هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی نوێنەرانی فراکسیۆنی سەدری ڕوون کردەوە و وتی: من بەدوای دەسەڵات و سیاسەت نەبووم، تەنیا ویستم ستەمکار و گەندەڵکاران ئاشکرا بکەم. زۆرینە بۆ ئێمەیە نەک ئەوانی تر؛ بەشداری لە حکومەتێکی تەوافوقی ناکەم.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *