ڕووسیا و تورکیا لەسەر هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا ڕێککەوتن
ڕۆژی رابردوو چوارشەممە چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆکانی لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی بە بنیاتنەر وەسف کرد. سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هەروەها پێشوازی لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا کرد و ئامادەیی ڕووسیای بۆ هاوکاریکردنی تورکیا لە بواری هەناردەکردنی دانەوێڵە لە ئۆکرانیا ڕاگەیاند.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئاڵوگۆڕانە بە دراوی نیشتمانیی هەردوو وڵات ئەنجام دەدرێت.
بە وتەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، هەردوولا تاوتوێی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی باکووری سووریاشیان کردووە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامەکانی یەکلایی نەکراوەتەوە.
شایانی باسە کە پێش ئەم دانوستانە، تورکیا و ئۆکرانیا لەسەر هەناردەکردنی دانەوێڵە لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ئۆکرانیادان ڕێککەوت بوون. بەپێی رێککەوتنەکە تورکیا دانەوێڵە لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆکرانیا بە داشکاندنی ٢٥% لە بەندەری ئۆدێسا لە کەناراوەکانی باشووری رۆژئاوای ئۆکرانیا دەکڕێت، و بە گرەنتی ئەمنیی ڕووسیا هەناردەی دەکات.
بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و کێشە ئابوورییەکانی تورکیا دەتوانرێت هۆکاری سەرەکی هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتە لە پرسەکانی پەیوەست بە شەڕی ئۆکرانیا (لە دژایەتیکردنی ئەندامێتی فینلاند و سوید لە ناتۆ تا دەڵاڵی دانەوێڵەی ئۆکرانیا و ڕووسیا) بێت.
لێدوانەکان