کۆبوونەوەی فەرماندەی هەسەدە لەگەڵ فەرماندەی باڵای هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا لە شاری قامیشلۆ کۆبووەوە.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئەمڕۆ ٨ی حوزەیران مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ جەنەراڵ ئەلێکساندەر چایکۆ فەرماندەی هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا لە شاری قامیشلۆ کۆبووەوە.
تا ئێستا هیچ وردەکارییەکی کۆبوونەوەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی تورکیا و ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێ لە باکووری سووریا، بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکان تاوتوێکردنی دوایین بارودۆخی ناوچەکە سنوورییەکانی سووریا لەگەڵ تورکیا، بەتایبەتی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات بووە.
ئەوەی دیارە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ترسی گۆڕانی هەڵوێستی ڕووسیا بەرامبەر بە کوردەکان و ڕازیبوون لەسەر دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا ئەنجام داوە.
کۆبوونەوەکە هاوکات بوو لەگەڵ سەردانەکەی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بۆ تورکیا و دیداری لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە. وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا ڕایگەیاند کە مۆسکۆ لە نیگەرانییە ڕەواکانی تورکیا سەبارەت بە سنوورەکانی لەگەڵ سووریا تێدەگات و هاوکاری تورکیا دەکات.
جموجۆڵی سەربازانی ڕووسیا لە باکوری سووریا دەریدەخات کە تا ئێستا ڕووسیا دژی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیایە لە باکووری سووریا، بەڵام رەنگە دۆخەکە دوای کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەگەڵ تورکیا گۆڕانکاری بەسەردا بێت و مۆسکۆش گڵۆپی سەوز بۆ ئەنقەرە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە پێبکات.
لێدوانەکان