ئاگربەستی حکومەتی پاکستان و بزۆتنەوەی تاڵیبانی پاکستان
محەممەد خوراسانی وتەبێژی بزۆتنەوەی تاڵیبانی پاكستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاگربەستی لەگەڵ حكومەتی پاكستان راگەیاند.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوای دوو ڕۆژ دانوستان لە نێوان گرووپی ٥٠ کەسەی هۆزەکانی پاکستانی و نوێنەرانی بزۆتنەوەی تاڵیبان (TTP)، محەممەد خوراسانی وتەبێژی بزۆتنەوەی تاڵیبانی پاکستان (TTP) سەرلەبەیانی ٤ی حوزەیران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاگربەستی لەگەڵ حکومەتی پاکستان راگەیاند.
بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان بۆ هاندانی تاڵیبانی پاکستان بۆ قبوڵکردنی ئاگربەست، ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی تاڵیبانی پاکستان و جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلامییە لە ناوچە هۆز نشینەکان لەلایەن حکومەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئەنجومەنی پاکستان (ئەنجومەنی خواروو) وێڕای بێ ئاگایی لە دانوستانەکانی ئەو گرووپە ٥٠ کەسە لەگەڵ تاڵیبانی پاکستان لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان ڕایگەیاند کە بڕیارەکانیان لای خەڵک قبوڵ ناکرێت. مەنزوور پشتین، بەرپرسی بزووتنەوەی پاراستنی پشتوونی پاکستان، ڕەخنەی لە دانوستانەکان لەگەڵ تاڵیبانی پاکستان گرت و وتی: لە نێو ئەم ٥٠ کەسەدا یەک کەس نوێنەرایەتی گەلی وەزیرستان ناکات و هەموویان نوێنەری سوپای پاکستانن.
سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن تاڵیبانی پاکستانەوە، دانوستانەکانی ئاشتی پاکستان بە نێوەندگیری تاڵیبانی ئەفغانستان لەنێوان نوێنەرانی هۆزەکانی پاکستان و سەرکردەکانی بزۆتنەوەی تاڵیبانی پاکستان لە کابوڵ بەردەوامە.
لێدوانەکان