ئاگربەستی یەمەن بۆ دوو مانگی دیکە درێژکرایەوە
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن ڕایگەیاند کە ئاگربەستی یەمەن بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە درێژکرایەوە.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) درێژکردنەوەی ئاگربەستی یەمەنی ڕاگەیاند.
هانس گرۆندبرگ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن وتی: لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە لە یەمەن بە هەمان مەرجەکانی ڕێککەوتنی سەرەتایی ڕێککەوتوون و ئاگربەستەکە بۆ دوو مانگی دیکە درێژکرایەوە.
بەپێی ئەم ڕاگەیاندنە، لە ئەمڕۆوە ئاگرەکە جارێکی دیکە دەچێتەوە قۆناغی جێبەجێکردن. گرۆندبرگ هەروەها ڕایگەیاند لە هەوڵەکانی بۆ بەدامەزراوەییکردنی ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی چارەسەری سیاسی بەردەوام بەدەست دێت.
لە ٢ی نیسان، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێکردنی ئاگربەستی دوو مانگەی لە یەمەن و ڕاگرتنی هێرشە زەمینی، دەریایی و ئاسمانییەکان و هەروەها ئاسانکاری بۆ هاتنی ١٨ کەشتی هەڵگری سووتەمەنی بۆ بەندەرەکانی ئەلحودەیدە و رێگە دان بە گەشتی هەفتانە لە شوێنە دیاریکراوەکانەوە بۆ فڕۆکەخانەی سەنعا و بە پێچەوانەشەوە، راگەیاند.
لەگەڵ ئەوەدا جەلال ئەلڕەویشان، جێگری سەرۆکی تیمی دانوستانکاری حکومەتی رزگاری نیشتمانی یەمەن (ئەنساروڵڵا)، لەم دواییانەدا ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی سعوودیە و ئەمریکا بەردەوامن لە لاوازکردنی ئاگربەستی مرۆیی و سەربازی لە یەمەن.
عەرەبستانی سعوودیە و چەند وڵاتێکی عەرەبی لە هاوپەیمانییەکی عەرەبی بە پشتیوانی ئەمریکا لە ٢٦ی نیسانی ٢٠١٥ بە بانگەشەی گەڕاندنەوەی سەرۆک کۆماری دەستلەکارکێشاوەی یەمەن بۆ دەسەڵات، لەشکرکێشی سەربازیی بۆ سەر یەمەن و گەمارۆی زەمینی، ئاسمانی و دەریایی لەدژی ئەو وڵاتەی دەستپێکرد.
ئەو دەستدرێژیە سەربازییە هیچ کام لە ئامانجەکانی هاوپەیمانی سعوودیەی نەهێنایە دی و تەنیا کوژران و بریندارکردنی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و وێران بوونی ژێرخانی ئەو وڵاتە و بڵاوبوونەوەی برسێتی و نەخۆشی گوازراوی بەدوای خۆیدا هێنا.
لێدوانەکان