گرنگترین هەواڵەکانی ٩٨مین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٢

پێنجشەممە 2 حوزه‌یران 2022 - 00:41
https://kurdish.iswnews.com/?p=12944

کشانەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا لە بەشی ناوەڕاستی شاری سەڤەرۆدۆنێتسک بەردەوامە. لەم گرتە ڤیدیۆییەدا هێزەکانی چیچانی سەر بە سوپای ڕووسیا لە نزیک بینای ڕێکخراوی ئاسایشی حکومی لە ناوەندی شاری سەڤەرۆدۆنێتسک دەبینرێن.
پێکدادان لە ناوچەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری سەڤەرۆدۆنێتسک بەردەوامە و تۆپخانەکانی ڕووسیا بۆ لاوازکردنی پشتیوانی لە هێزەکانی ئۆکرانیا هێڵی پەیوەندی سەڤەرۆدۆنێتسک-لیسیچانسکیان تۆپباران کردووە.

هێزەکانی ڕووسیا ناوچەی یاروڤایان لە باکووری شاری لیمان کۆنترۆڵ کرد و گەیشتنە شارۆچکەی سڤیاتۆهۆرسک. ئێستا لە نزیک شاری سڤیاتۆهۆرسک پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ڕووسیا و سوپای ئۆکرانیا بەردەوامە.

ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنی شاری سەڤەرۆدۆنێتسک لەلایەن سوپای ڕووسیا بەردەوامە. دوابەدوای ئۆپەراسیۆنی سوپای ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی لە شاری سەڤەرۆدۆنێتسک، بەشێکی زۆری ناوچە نیشتەجێبووەکان لە ناوەندی شارەکە کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای ڕووسیا. پێکدادانی ناوبەناو لە ناوچە پیشەسازییەکانی ڕۆژئاوا و باشووری شارەکە بەردەوامە. بەپێی سەرچاوە ئۆکرانییەکان، زۆربەی سوپای ئۆکرانیا لە شاری سەڤەرۆدۆنێتسک کشاوەتەوە.

لە میحوەری زۆلۆتە-پۆپاسنایا شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای ڕووسیا و هێزەکانی ئۆکرانیا لە گوندی کامیشڤاخا لە باکووری پۆپاسنایا بەردەوامە. سەرچاوە ڕووسیەکان باس لەوە دەکەن کە سوپای ڕووسیا لە ٨٠٪ی گوندەکەی کۆنترۆڵ کردووە.

لە باکووری زۆلۆتە، لە بەشی ڕۆژئاوای گوندی تۆشکیوکا شەڕ و پێکدادان بەردەوامە. هێزەکانی ڕووسیا هێرشیان کردووەتە سەر گوندی ئۆستینیوکا. دەستبەسەرداگرتنی ئەم دوو گوندە لەلایەن ڕووسیاوە، دواجار دەبێتە هۆی داخستنی ڕێگای باشووری شاری لیسیچانسک.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *