دیپلۆماسی ئەمریکا لە ئەفغانستان چالاک کرا!
تۆماس وێست، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە ئەفغانستان لەگەڵ بەرپرسانی ئۆزبەکستان و سیاسەتمەدارانی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان کۆبووەوە و تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ئەو وڵاتەی کرد.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، تۆماس وێست، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان، ئەرکێکی گرنگی دیپلۆماسی لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست دەستپێکردووە. ناوبراو هەفتەیەک لەمەوبەر لە هیندستان لەگەڵ عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا کۆبووەوە و بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ڤلادیمێر نۆرۆڤ وەزیری دەرەوەی ئۆزبەکستان سەردانی تاشکەند پایتەختی ئەم وڵاتەی کرد. وێست دوابەدوای ئەو دیدارانە، سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کرد و لەوێ لەگەڵ ئەندامانی دیکەی حکومەتی پێشوو و سەرکردەکانی گروپە دژبەرەکانی تاڵیبان و نوێنەران و چالاکوانانی مەدەنی و.. کۆبووەوە.
گرنگترین بابەت و تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم کۆبوونەوانە بریتی بوون لە تاوتوێکردنی پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر، بەشداریکردن لە پێکهێنانی لویە جرگە (کۆبوونەوەی پیران و سەرۆک هۆزەکانی ئەفغانستان) و هەروەها تاوتوێکردنی بژاردەی سەربازی لە ئەفغانستان. لەم ڕووەوە دەکرێ بڵێین کە ئەمریکا بۆ پێشخستنی پلانەکانی لە ئەفغانستان ڕووی لە دیپلۆماسی کردووە و خەریکی ئامادەکردنی پلانی نوێیە لە ئەفغانستان.
ئەوەی جێگای سەرنجە لەم پرسەدا ئەوەیە کە سەرەڕای کشانەوەی خیانەتکارانەی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان، بەشێک لە بەرپرسانی حکوومەتی پێشوو و چالاکوانانی سیاسی ئەفغانستان هێشتا ئەمریکای وەک ئەکتەری سەرەکی لەو بوارەدا دەبینن و داوای یارمەتی لێ دەکەن! کشانەوەیەک کە دەرئەنجامەکەی بووە هۆی ڕووخانی حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی و رادەستکردنی بێ مەرجی ئەفغانستان بە تاڵیبان.
لێدوانەکان