چوارچێوەی هەماهەنگی: پیرۆزە یاسای قەدەغەکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی
چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە پەسەندکردنی یاسای قەدەغەکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، پیشاندەری هەبوونی ئیرادەی نیشتمانییە لە عێراق.
ئەحمەد ئەسەدی بە نوێنەرایەتی لە چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پیرۆزبایی پەسەندکردنی یاسای قەدەغەکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی لە گەلی عێراق کرد و جەختیکردەوە کە پەسەندکردنی ئەم یاسایە پیشانیدا کە نوێنەرانی گەل لە پەرلەمانی عێراق پارێزەری بنەما نەگۆڕەکانن بۆ بەرگری لە پرسی فەڵەستین و قودس و پێویستی لەناوچوونی ڕژێمی داگیرکار و ڕێگری لە بوونی هەر پەیوەندییەک لە گەڵ زایۆنیستەکان.
ناوبراو وتی: سەرجەم ئەندامانی ئامادەبووی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان دەنگیان بە پرۆژەیاساکە داوە و ئەمەش جارێکی دیکە پیشان دەدات کە گەلی عێراق لە پرسە نیشتمانی، ئیسلامی و مرۆڤییەکاندا کۆدەنگییان هەیە.
ئەسەدی جەختیکردەوە کە لێک تێگەیشتنی هێزە سیاسییەکان و نوێنەرانی گەل لە پرسە گرنگ و چارەنووسسازەکان پەیامێکی ئاشکرایە سەبارەت بە سیاسەت و ستراتیژی نەگۆڕی گەل و حکومەتی عێراق.
ناوبراو پیرۆزبایی ئەم ڕۆژەی لە سەرجەم ئازادیخوازەکانی جیهان و هەموو ئەو کەسانە کرد کە لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی خۆڕاگرییان کردووە.
شایانی باسە لە دانیشتنی ڕۆژی رابردوو پێنج شەممە ٢٦ ی ئایاری ٢٠٢٢، پەرلەمانی عێراق بە کۆی دەنگ یاسای قەدەغەکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی پەسەند کرد.
جام کوردی
لێدوانەکان