گرنگترین هەواڵەکانی ٩٢مین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٢
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هاوبەشن لە تاوانەکانی کیێڤ!
ڤاسیلی نێبنزیا، نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا وتی: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نەک هەر چاویان لە تاوانەکانی کیێڤ دژ بە خەڵکی مەدەنی دادەخەن، بەڵکو هاوبەشن لە کوشتنی خەڵکی سڤیل. تۆپبارانی شارەکانی ناوچەی دۆنباس لە لایەن هاویتزەرە بەخشراوەکانی واشنتۆن ئەنجام دەدرێت.
جەختیشی لەوە کردەوە کە سوپای ئۆکرانیا قوتابخانە و نەخۆشخانەکانی کردووە بە پێگەی خۆیان.
سوپای ڕوسیا تانکی ٦٠ ساڵەی ڕەوانەی شەڕی ئۆکرانیا کرد!
دوێنێ سەرچاوە خۆجێیەکان وێنەی تانکی کۆنی تی ٦٢یان بڵاوکردەوە کە ڕەوانەی شاری میلیتۆپۆلی باشووری ئۆکرانیا دەکران.
شایانی باسە دیزاینی تانکی T-62 لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم لە یەکێتی سۆڤیەت دەستی پێکردەوە و لە ساڵی ١٩٦١ گەیشتە بەرهەمهێنانی بەرفراوان. بەڵام زیانەکانی ئەم تانکە، وەک: لاوازی زرێپۆش، خراپی ئامێری و تەقەمەنی،.. بووە هۆی ئەوەی بەرهەمهێنانی ئەم تانکە ڕابگیرێت.
ئێستا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: مەبەست لە ناردنی تانکی ٦٠ ساڵەی ڕووسی بۆ شەڕی ئۆکرانیا چییە؟
گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەربازانی ڕووسیا لە پێگەکانی سوپای ئۆکرانیا لە باکووری ڕۆژئاوای پۆپاسنایا.
ڤیدیۆکە لە رۆژئاوای ناوچەی تریپیلیا لە باکوری رۆژئاوای پۆپاسنایا تۆمارکراوە و دەریدەخات بەشێک لە پێگەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا لە هێرشی سوپای رووسیا وێران کراون. هەروەها لە کاتی پاککردنەوەی خەندەقەکانی سوپای ئۆکرانیا لە ناوچەکەدا، هێزەکانی ڕووسیا کڵاوێکیان دۆزیەوە کە لەلایەن کۆمپانیای ئەمریکی ArmorSource دروستکراوە.
لە ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٢دا تریپیلیا لەگەڵ هەندێک ناوچەی دیکەی وەک ڤیکتۆریوکا، ڤۆلۆدیمیر، نۆڤا کامیانکا، ستریاپیوکا، ڤیشکریڤا و ترۆیتسکی کەوتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ڕووسیا و لوهانسک.
لێدوانی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا سەبارەت بە ڕوبەڕوبوونەوەی سزاکانی ڕۆژئاوا:
خۆمان لە جیهان جیا ناکەینەوە و کەس ناتوانێت لە بازرگانی جیهانی دوورمان بخاتەوە. هەر کەسێک بیەوێت ئەوە بکات زیان بە ئابووری خۆی و وڵاتانی دیکە دەگەیەنێت. گەمارۆکانی رۆژئاوا نەک تەنیا لەسەر ئێمە، بەڵکو لەسەر چینیش کاریگەرییان هەیە.
ئێمە شاهیدی هەندێک کێشەین لە زنجیرەی دابینکردن و گواستنەوەدا. ئێمە چالاکانە لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و وڵاتانی ئەفریقا کاردەکەین، هەروەها دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەهێز بکەین کە دەیانەوێت ببنە هاوبەشی ئێمە. ئێمە پەرە بە دامەزراوە ناوەندییەکان، لەنێویاندا سەنتەری بازرگانی ئۆراسیا دەدەین.
نوێنەرانی بازرگانی دەزانن ئێمە دەتوانین چی پێشکەش بە جیهان بکەین، ڕووسیا یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەران و هەناردەکارانی گەنم!
پێویستە میکانیزممان هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەحەددایانەی ئێستا ڕووبەڕوومان دەبنەوە.
ئەم قسانەی پوتین هەوڵە جددییەکانی ڕووسیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژئاوا لە ڕووی ئابوورییەوە نیشان دەدات. ئەوان بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئامانجدار وەک پێکهێنانی ڕێکخراوە ناوچەییەکان و ڕوبەڕوبوونەوەی ڕۆژئاواییەکان (ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا) خەریکن ئابووری خۆیان زیندوو دەکەنەوە.
دوای هێرشی سوپای روسیا-لوهانسک بۆ سەر شارۆچکەی لیمان لە باکووری پارێزگای دۆنێتسک، نزیکەی ٨٠%ی ئەو ناوچەیە لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە.
بە لەبەرچاوگرتنی کشانەوەی هەنگاو بە هەنگاوی سوپای ئۆکرانیا لە میحوەری لیمان، کەوتنی شارەکە بەدڵنیایەوە ڕوودەدات و کاتی کەوتنی تەواوەتیش بەندە بەو خێراییەی کە ڕووسەکان مامەڵە دەکەن.
لایمان دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی رووباری دۆنێتسك و سوپای ئۆكرانیا دەبێت لە رووبارەكە بپەڕێتەوە بۆ ئەوەی پاڵپشتی سەربازی و لۆجستی پێشكەش بكات. بە لەبەرچاوگرتنی وێرانبوونی زۆربەی پردەکانی لیمان لە کاتی بۆردومانەکەی ڕووسیادا، ئەگەری پێداگری ئۆکراینییەکان لەسەر پاراستنی لیمان هەڵە بوو.
میدیاکانی ڕووسیا وێنەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی “Switch Blade” (کە ئەمریکا بەخشیوە بە ئۆکرانیا)یان لە بەرەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بڵاوکردەوە.
لە ئەنجامی دەوریەی سوپای ئۆکرانیا لەسەر ڕێگای باخموت – لیسیچانسک، خاڵی پشکنین و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆشی سوپای ڕووسیا تێکشکێنران و هێزەکانی ڕووسیا ناچار بوون لەم ڕێگایە پاشەکشە بکەن. سەرچاوە ئۆکراینییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە شەڕ و پێکدادانەکاندا ٥٠ ڕوسی کوژراون.
سوپای ئۆکرانیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆرلان-١٠ی ڕووسی لە میحوەرەکانی باکووری پارێزگای خارکیڤ لەناوبردووە.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئۆکرانیا، سوپای ئۆکرانیا لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا ٥٠٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسی خستووەتە خوارەوە.
لێدوانەکان