دوایین دۆخی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٢

سێشەممە 24 ئایار 2022 - 13:55
https://kurdish.iswnews.com/?p=12512

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ پێکدادانەکان لە نێوان هێزەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە میحوەرە جیاجیاکانی پارێزگاکانی لوهانسک و دۆنێتسک بەردەوامە.

لە پارێزگای دۆنێتسک، لە بەرەی ماریۆپۆل، لە ٢٠ی ئایاردا، لەگەڵ تەسلیم بوونی دوا سەربازی ئۆکرانیا بە سوپای ڕووسیا لە ناوچەی پیشەسازی ئازۆفێستاڵ لە باشووری ماریۆپۆل، ئەم شارە بەندەرییە گرنگە بەتەواوی کەوتە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی. دەستبەسەرداگرتنی تەواوی شارەکە ڕێگە بە سوپای ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی دەدات هێزەکانی لەم بەرەیەوە بۆ بەرەکانی دیکە بگوازرێتەوە و گرنگی زیاتر بە پێشڕەوی لە ناوچەکانی دیکە بدات.

لە باکووری دۆنێتسک، پێکدادانی ناوبەناو بەدرێژایی هێڵی پێشەوەی گۆرلیوکا و دۆنێتسک بەردەوامە. گۆڕانکارییەکانی مەیدانی لەم میحوەرەدا خاون. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێزەکانی ڕووسیا و دۆنێتسک پێشڕەوی کەمیان بە درێژایی ئەم میحوەرە ئەنجامداوە. کۆنتڕۆڵ کردنی نیویۆرک لە نزیک گۆرلیوکا و ئاودیۆکا لە نزیک دۆنێتسک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ڕووسیایە لەم میحوەرەدا.

لە باکووری ڕۆژهەڵاتی گۆرلیوکا، هێزەکانی ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی دوێنێ لە پارێزگای لوهانسک و ناوچەی ترۆیتسکەوە چوونە ناو پارێزگای دۆنێتسک و ناوچەی میرۆنیۆسک-یان کۆنترۆڵ کرد. ئامانج لە پێشڕەویکردن لەسەر ئەم میحوەرە کۆنتڕۆڵ کردنی سڤیتلۆدارسک و ناوچەکانی دەوروبەری دەریاچەکە و پاراستنی شاری گۆرلیوکایە لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە.

لە ڕۆژئاوای دۆنێتسک، پێکدادانی ناوبەناو بەدرێژایی هێڵەکانی پێشەوە لە مارینکاوە تا ڤێلیکا نۆڤاسلیکا بەردەوامە. مانگی ڕابردوو سوپای ڕووسیا و هێزەکانی دۆنێتسک هێرشێکیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەی مارینکا ئەنجام دان کە سەرکەوتوو نەبوو. لە ئێستادا زۆربەی پێکدادانەکان لەسەر میحوەرەکانی مارینکا، نومۆمیخایلوکا، ئۆگۆڵدار و ڤێلیکا نۆڤاسلیکا لە نێوان هێزەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە. وا دیارە لە ئێستادا سوپای ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی بڕیارێکی جددییان نییە بۆ پێشڕەوی لەم میحوەرە و پێکدادانەکان زیاتر بۆ سەرقاڵکردنی هێزەکانی ئۆکرانیا لەم میحوەرە ئەنجام دەدرێت.

لە پارێزگای لوهانسک، پێکدادان و گۆڕانکارییە مەیدانییەکان چڕتر ئەنجام دەدرێت و پێدەچێت تەواوکردنی کارەکان لەم پارێزگایە بۆ سوپای ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی لە پێشینە بێت. لەئێستادا و دوای ٨٩ ڕۆژ لە جەنگی ئۆکرانیا، ٩٥%ی لوهانسک لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ڕووسیا و هاوپەیمانەکانیدایە و تەنیا شاری سیۆرۆدۆنێتسک و دەوروبەری ماوە. هەر بۆیە کۆنتڕۆڵ کردنی شاری گرنگ و پیشەسازی سیۆرۆدۆنێتسک ئامانجی سەرەکی و کۆتایی سوپای ڕووسیا و هێزەکانی لوهانسک لەم ناوچەیە.

شایانی باسە کە دوای کشانەوەی هێزەکانی سوپای ڕووسیا لە بەرەکانی باکووری ئۆکرانیا، ئەو هێزانە تیشکیان خستووەتە سەر کۆنتڕۆڵ کردنی ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و بە تایبەتی ناوچەی دۆنباس. لەو کاتەوە تا ئێستا شاهیدی گۆڕانکاری لە تاکتیکەکان و شێوازی پێشڕەویی سوپای ڕووسیا بووین. لە ژێر ئەم تاکتیکە نوێیەدا، خاڵە گرنگ و ناوچە سەرەکیانەی کە زۆرترین بەرخۆدانی هێزەکانی ئۆکرانیا تێدا دەبینرێت، لەلایەن هێزەکانی ڕووسیا و هاوپەیمانەکانییەوە بە دروستکردنی نیمچەگەمارۆ و زیادکردنی فشار، هێزەکانی ئۆکرانیا ناچار بە پاشەکشە دەکرێت. ئەم تاکتیکە بە ڕوونی لە ناوچەکانی باکووری پارێزگای دۆنێتسک و بەرەی سیۆرۆدۆنێتسک لە ناوچەکانی وەک پۆپاسنایا، زۆلۆتێ، لیمان، هەروەها بەرەی شاری سیۆرۆدۆنێتسک بە ڕوونی دیارە.

لە میحوەری پۆپاسنایا، لە چەند ڕۆژ و چەند هەفتەی ڕابردوودا، هێزەکانی ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی توانیویانە هێڵەکانی پێشەوە فراوان بکەن و لە ڕۆژئاواوە بگەنە شارۆچکەی گرنگی سۆڵدار. لەگەڵ پێشڕەوی لەم میحوەرەدا، هێڵی پشتیوانی هێزەکانی ئۆکرانیا لە باخموتەوە بۆ شاری سیۆرۆدۆنێتسک بە شێوەیەکی کردەیی پچڕا. هەروەها هێزەکانی ئۆکرانیا لە ناوچەی زۆلۆت کەوتنە باردۆخی نیمچە گەمارۆوە.
لەسەر میحوەرەکەی لیمان-ئیزیۆم، پێشڕەوییەکان خاون، بەڵام هێزەکانی ڕووسیا لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا هێڵەکانی بەرکەوتنیان لە دەوروبەری ئیزیۆم فراوانتر کردووە و لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی دیکە پێشڕەوی دەکەن و ئۆپەراسیۆن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شاری لیمان دەستی پێکردووە.
بەپێی ئەو تاکتیکانەی کە سوپای ڕووسیا گرتوویانەتەبەر، پێدەچێت هەموو ئەو پێشڕەوییانەی لەم میحوەرانە بەدەست هاتوون، بە ئامانجی تەواوکردنی گەمارۆی شاری سیۆرۆدۆنێتسک ئەنجام بدرێت.

لە میحوەری شاری سیۆرۆدۆنێتسک، شەڕ و پێکدادانی قورس لە دەوروبەر و لە دەروازەی چوونە ژوورەوەی شارەکە بەردەوامە. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا و لوهانسک توانیویانە لە هەردوو میحوەری باکوور و باشوورەوە لە شارەکە نزیک ببنەوە. لە باشووری شاری سیۆرۆدۆنێتسک لە ناوچەکانی مێتۆلکین، ڤێرۆنێس و سیرۆتین شەڕ و پێکدادان بەردەوامە. لە بەرەی باکووری شاری سیۆرۆدۆنێتسک، لە دەروازەی باکووری شارەکە پێکدادانی قورس بەردەوامە. هێرشی ڕووسیا لەسەر ئەو چوار ڕێگا سەرەکییە چڕکراوەتەوە کە بەرەو شارەکە دەڕۆن. هەروەها سوپای ڕوسیا پردی سەرەکی نێوان سیۆرۆدۆنێتسک و لیسیچانسکی بە ئامانجی بڕینی هێزەکانی ئۆکرانیا لە شاری سیۆرۆدۆنێتسک لەگەڵ دەرەوەی شارەکە تەقاندووەتەوە. کۆنتڕۆڵ کردنی تەواوەتی شاری سیۆرۆدۆنێتسک ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دیاریکردنی داهاتووی شەڕەکانی ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

بەپێی ئەو پێشڕەوییانەی تا ٨٩هەمین ڕۆژی جەنگ بەدەست هاتوون، نزیکەی ٥٥٪ی دۆنێتسک و ٩٥٪ی لوهانسک لەلایەن سوپای ڕووسیا و هاوپەیمانەکانییەوە کۆنترۆڵکراون.

بۆ گەورەکردنی نەخشەکە کلیکی لەسەر بکە
بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *