هێڵی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی ئەبابیل٢ لە تاجیکستان کرایەوە
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هێڵی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی “ئەبابیل ٢” بە ئامادەبوونی محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران و جەنەڕاڵ شیر عەلی میرزا، وەزیری بەرگریی تاجیکستان لە دوشەنبە ی پایتەختی تاجیکستان کرایەوە.
بەرەبەیانی ١٦ی ئایار، محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە یاوەری شاندێکی باڵای سەربازی و لەسەر بانگهێشتی فەرمی جەنەڕاڵ شیر عەلی میرزا، وەزیری بەرگریی تاجیکستان سەردانی دوشەنبە ی پایتەختی ئەم وڵاتەی کرد.
سەردانەکە بە ئامانجی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی کۆمیسیۆنی هاوبەشی هاوکاری سەربازی و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازی تاجیکستان ئەنجام درا.
جەنەڕاڵ باقری بە ئاماژە بە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانی و پتەوکردنی هاوکارییە سەربازی و بەرگرییەکان لەگەڵ تاجیکستان وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری تاجیکستان لە ناوچەیەکی جیۆپۆلەتیکیدان و ڕووداوەکان و پێشهاتەکانی هەردوو وڵات کاریگەرییان لەسەر یەکتر دەبێت. لەپێناو باشترکردنی ئاسایش و ئارامی هەردوو وڵات، لە سەردانەکەماندا کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و سیاسی ئەنجام دەدەین و لە داهاتووشدا لە هەموو ئاستەکانی بەرگری سەربازیی نێوان هەردوو وڵاتدا هاوکاری زیاتر دەکەین.
هەر لەم سەردانەدا ژەنەڕاڵ باقری کارگەی بەرهەمهێنان و مۆنتاژی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەبابیل ٢ی ئێرانی کردەوە و بە شێوەیەکی ڕەمزی کلیلی ڕادەستی وەزیری بەرگری تاجیکستان کرد.
لە هۆڵی کارگەکەدا، وێنەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی فتراس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وینگ لۆنگ ٢ (دروستکراوی چین) دەبینرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەک بۆ بەرهەمهێنان و بەکارهێنانیان بڵاونەکراوەتەوە.
“ئەبابیل ٢” ناوی یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سیخوڕی و خۆکوژییە کە لەلایەن پیشەسازی فڕۆکەیی ئێرانەوە دروستکراوە و مەودای کارکردنی ١٠٠ کیلۆمەتر و بەردەوامی فڕینی ٧٥ بۆ ١٢٠ خولەکە.
لێدوانەکان