گرنگترین هەواڵەکانی هەشتاو یەکەمین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ١٥ی ئایاری ٢٠٢٢
وەزیرانی دەرەوەی G7 لەسەر سزادانی ڕووسیا ڕێکەوتن
وەزیرانی دەرەوەی حەوت وڵاتی پیشەسازی جیهان (ئەڵمانیا، ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، کەنەدا و ژاپۆن) ناسراو بە جی حەوت، لە میانەی لووتکەی سێ ڕۆژەدا لە باکووری ئەڵمانیا بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ڕووسیا رێککەوتن. ههروهها هۆشدارییان دایه چین له سووككردنی سزاكانی سهر ڕووسیا و جهختیان لهسهر بهردهوامی هاوكاری سهربازی و چهک بۆ ئۆكرانیا كردهوه.
لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئەم وڵاتانە گۆڕینی سنوورەکانی ئۆکرانیایان لەلایەن ڕووسیاوە ڕەتکردەوە و جەختیان لەوە کردەوە کە دان بەو گۆڕانکاریانەدا نانێن.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕووسیای تۆمەتبار کرد بەوەی بە ئەنقەست شەڕی دانەوێڵە ئەنجامداوە. ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی ئۆکرانیا وەک یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی دانەوێڵە لە جیهاندا، وتی ڕێگریکردن لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا لە هەناردەکردنی دانەوێڵە مەترسی لەسەر برسێتی ٥٠ ملیۆن کەس لە ئاسیا و ئەفریقا دروست دەکات.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیاش بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کردووە.
گرتەیەکی ڤیدیۆیی دوایین هێرشە سەربازییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ناوچەی پیشەسازی ئازۆفێستال لە شاری ماریۆپۆل. لەم ڤیدیۆیەدا موشەک هەڵگرە سەربازییەکانی ڕووسیا بە بەکارهێنانی تەقەمەنی سووتێنەری 9M22S وێستگەی (کارگە) ئازۆفێستال بۆردومان دەکەن.
بە وتەی بەرپرسانی حکومەتی ئۆکرانیا، لە ئێستادا زیاتر لە هەزار سەربازی ئەو وڵاتە لە ئازۆفێستال گەمارۆ دراون و نزیکەی ٦٠٠ کەسیان بریندارن و پێویستیان بە هاوکاریی خێرا هەیە.
میدیاکانی ئۆکرانیا و رۆژئاوا لەبەر بەکارهێنانی چەکی سووتێنەر رەخنە لە ڕووسیا دەگرن، لە کاتێکدا ئەمریکا و ناتۆ و ئیسرائیل پێشتر لە شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستان و غەززە و.. چەندین جار بۆمبی سووتێنەریان لە دژی خەڵکی سڤیل بەکارهێناوە و تا ئێستا هیچ دەزگایەکی میدیایی لە دژی ئەوان قسەی نەکردووە!
هێزەکانی ڕووسیا چەندین مووشەکی کروزیان ئاراستەی دامەزراوە سەربازییەکانی ئۆکرانیا لە ناوچەی سنووری یافوریێڤ لە پارێزگای لڤیڤ کرد.
بەپێی وتەی ماکسیم کۆزیتسکی، بەرپرسی ئیدارەی ناوچەیی لڤیڤ، هێرشەکە بە چوار موشەک لە کاتژمێر ٤:٣٠ بەیانی بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی ئۆکرانیا ئەنجام دراوە.
هەروەها سەرچاوە خۆجێیەکان بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەک و ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی بەرگری ئۆکرانیایان ڕاگەیاندووە. سیستەمی بەرگری ئۆکرانیا دوو مووشەکی خستووەتە خوارەوە.
شایانی باسە ئەمە دووەم هێرشی مووشەکیی ڕووسیایە بۆ سەر بنکەی یافوریێڤ کە بە درێژایی شەڕی ئۆکرانیا ئەنجام دەدرێت. پێش هێرشەکە، سوپای ڕووسیا لە ١٣ی ئازاری ئەمساڵدا بە ئامانجی لەناوبردنی بنکەی ڕاوێژکاران و هێزە بیانییەکان بە هەشت مووشەکی کروز هێرشی کردبووە سەر ئەم بنکەیە.
سەرۆکی فینلاند داوای ئەندامێتی وڵاتەکەی لە ناتۆ پەسەند کرد
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆک کۆماری فینلاندا، فەرمانی داواکاری بۆ ئەندامێتی لە ڕێکخراوی پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور (ناتۆ)ی دەرکرد. نینیست ئەو فەرمانەی بە گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە سیاسەتی فینلاند زانی. چاوهڕوان دهكرێت سوید بهم بڕیاره لهم نزیكانهدا داواكارییهكهی بۆ ئهندامبوون له ناتۆ ڕابگهیهنێت.
سەرۆک کۆماری فینلاند لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕووسیای لە بڕیارەکەی بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ ئاگادار کردەوە و پوتینیش ئەو بڕیارەی بە هەنگاوێكی وێرانكەر لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات ناوبرد.
فینلاند وڵاتێکە لە باکووری ئەوروپا کە دەکەوێتە نێوان ڕووسیا، سوید و نەرویج. ژمارەی دانیشتووانی ئەم وڵاتە نزیکەی ٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسە و پایتەختەکەی هێلسنکییە. فینلاند نزیكەی ١٣٠٠ كیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ روسیادا هەیە و بڕیاری پەیوەندیكردن بە ناتۆوە رەنگە ئەو وڵاتە بخاتە بەردەم مەترسییەوە.
لێدوانەکان