ئیسرائیل بەدوای تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حەماسە لە دەرەوەی فەڵەستین!

چوارشەممە 11 ئایار 2022 - 21:20
https://kurdish.iswnews.com/?p=11821

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ڕژێمی زایۆنیستی بەنیازە بە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حەماس، تۆڵەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەی فەڵەستینیەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان بکاتەوە.

ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بە نیازە بە ڕەوانە کردنی تیمەکانی تیرۆری بۆ دەرەوە و تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حەماس، تۆڵەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەی فەڵەستینیەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان بکاتەوە کە بە هۆیەوە دەیان ئیسرائیلی کوژران و برینداربوون. ڕژێمی زایۆنیستی لەو بارەیەوە هاوپەیمانەکانی ئاگادار کردۆتەوە و پێدەچێت ساڵح ئەلعاروری و زاهیر جەبارین لە ئامانجەکانی ئەم رژێمە دا بێت.

لە لایەکی دیکەوە حەماس چەندین هۆشداری لە دەزگا هەواڵگرییەکانی هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپی، سەبارەت بە پلانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەکانی وەرگرتووە.

لەم بارەیەوە زاهیر جەبارین یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: ئەگەر دوژمنی زایۆنیستی زیان بە هەریەک لە سەرکردەکانی خۆڕاگری و لە سەرووی هەموویانەوە شێخ ساڵح ئەلعاوری بگەیەنێت، بە مانای راگەیاندنی شەڕە و هێزەکانی خۆڕاگری بەدڵنیایەوە وەڵام دەداتەوە.
ناوبراو وتیشی: دوژمنی زایۆنیستی پێیوایە کە بە گرتنەبەری سیاسەتی تیرۆر دەتوانێت کۆتایی بە خۆڕاگری بێنێت. گەلی فەڵەستین هیچ ترسێکی لە هەڕەشەکانی دوژمنی زایۆنیستی نییە و ئەم هەڕەشانە ناتوانێت خۆڕاگری بوەستێنێت.

جێی ئاماژەیە لەم چەند ساڵەی دواییدا ژمارەیەک لە فەرماندەکانی حەماس لەوانە شەهید مەحمود ئەلمەبحوح لە ساڵی ٢٠١٠ لە دوبەی، شەهید محەمەد ئەلزواوی زانا و دیزاینەری درۆنەکانی کەتیبەکانی ئەلقەسام لە ساڵی ٢٠١٦ لە تونس و شەهید فادی ئەلبتش لە ساڵی ٢٠١٨ لە مالیزیا لەلایەن موساد-ەوە تیرۆر کراون.

پرسی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حەماس لە دەرەوە لەکاتێکدا باس دەکرێت کە لەم چەند هەفتەی دواییدا و دوای چالاکییەکانی فەڵەستینیەکان لە دژی زایۆنیستەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان، بەرپرسانی ئیسرائیلی و شیکەرەوەکان داوای تیرۆرکردنی یەحیا سنوار بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس لە غەزە-یان کردووە.

ئەوەی دیارە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵانە لەلایەن میدیاکانی عیبری و ڕۆژئاواوە بێ ئامانج نییە و لە چوارچێوەی زەمینەسازی بۆ تیرۆرکردنی کەسایەتییە کاریگەرەکانی خۆڕاگری فەلەستینی و ئامادەکردنی ڕای گشتی یان تاوتوێکردنی کاردانەوەکانی گرووپەکانی خۆڕاگری فەلەستین و هاوپەیمانەکانیان بەرامبەر بەم کردەوانە ئەنجام دەدرێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *