ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا: شەڕی ناوخۆیی هێڵی سوری ئێمەیە
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ڕۆژی رابردوو سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی ئەم بزووتنەوەیە لە شاری بەیروت وتارێکی پێشکەش کرد.
سەید حەسەن لە سەرەتای قسەکانیدا، ستایشی کۆبوونەوەی خەڵکی بەیروت بۆ پشتیوانیکردن لە خۆڕاگری کرد و وتی: بەشداریە گەورەکەی ئەمڕۆ و دوێنێی خەڵک پەیامێکە بۆ هەموو دوژمنانی خۆڕاگری، و ڕەوتی خۆڕاگری لەبەرامبەر بەکرێگیراوانی ناوخۆیی و ڕژێمی زایۆنیستی خۆی بەدەستەوە نادات. سوپاسی هەموو لوبنانییەکانی دەرەوەی لوبنان دەکەم کە دەنگ بە خۆڕاگری دەدەن.
نەسروڵڵا وتی: لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوای وتاری ڕۆژی قودس و ئامادەباشی هێزەکانی خۆڕاگری لە لوبنان، پەیامێکم پێ گەیشت کە ئیسرائیلییەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە هیچ نیازێکیان نییە کردەوەیەکی سەربازی لە دژی لوبنان ئەنجام بدەن. ئێمە متمانەمان بە دوژمن و پەیامەکانی و قسەکانی سەرۆک وەزیرانەکەشی نییە. هەر بۆیە ئامادەباشی ئێمە تا کۆتایی ڕاهێنانی سەربازی رژێمی زایۆنیستی لەجێی خۆی دەمێنێتەوە.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا جەختیشیکردەوە کە ڕێگە بە هیچ دەستدرێژی و هێرشێک بۆ سەر لوبنان نادەین و وتی: دەمەوێت بەو برایانە بڵێم کە چاودێری ڕاهێنانی ئیسرائیل دەکەن، سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ چاودێریکردنی مانۆڕەکە چووە و رایگەیاندووە کە ئەم رژێمە نایەوێت ڕوبەڕوی هیچ کەسێک بێتەوە. ئەم پەیامە لەبەر بەرەی خۆڕاگرییە و دوژمن دەزانێت کە خۆڕاگری لە قسەکانیدا راستگۆیە و وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەداتەوە.
نەسروڵڵا ئاماژەی بە فرە مەزهەبی و ئایینی لوبنان کرد و وتی: پێشتر زۆر کەس هەوڵی داوە گۆڕانکاری دروست بکات، بەڵام وڵات بەرەو شەڕی ناخۆیی نەچوو. شەڕی ناوخۆیی هێڵی سوورە و هەر کەسێک لەسەری سوور بێت، دەبێت وەک خائین دابنرێت. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، بنیاتنانی وڵاتێکی دادپەروەرانە و بەهێزە و ئەمە ئەو شتەیە کە لە بەڵگەنامەی سیاسی خۆماندا لە ساڵی ٢٠٠٩دا ئاماژەمان پێ داوە.
سەید حەسەن، وتیشی: ئێمە لە دەریای لوبنان گەنجینەمان هەیە، بەڵام خەڵک برسین و قەرزارن، کۆچ دەکەن، بەڵام ئەگەر لوبنان گەنجینەکەی خۆی دەربێنێت، ئەوا بەلایەنی کەمەوە دەیان ملیار دۆلار بەدەست دەهێنێت، بە تایبەتی لە ئاوەکانی باشوردا. بۆچی هەوڵ بۆ دەرهێنانی ئەم گەنجینەیە نەدەین؟ لە کێ دەترسن؟ لە ئەمریکا؟ بۆچی ئیسرائیل چاوەڕێی دیاریکردنی سنوورەکان و هەڵکەندن لە ناوچە جێناکۆکەکان ناکات؟ بۆچی لوبنان لە ناو ئاوە سنووریەکانیدا کار ناکات؟ من دەڵێم لوبنان لە هەر شوێنێک کە بە ئاوی ناوچەیی خۆی دەزانێت مافی هەڵکەندنی هەیە و تەنانەت لە ناوچە جێناکۆکەکانیشدا.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا جەختی لەوە کردەوە کە بزوتنەوەکە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بەبێ ئەوەی ببێتە بەکرێگیراو بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ لوبنان بەکاردەهێنێت و وتی: ئەمە لە کاتێکدایە لایەنی دیکە پارە لە دەرەوە دەهێنێت و تاڵانی دەکات. کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەستوەرنادات لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام هەندێک لە باڵیۆزە بیانییەکان (ئەمریکا و سعوودیە) دستوەردان لە هەڵبژاردن دەکەن. ئێوە لە نێوان گروپێکدان کە هەموو خەمی لوبنانە و ئەوەی کە هەموو خەمی ئەوەیە ئەمریکا و ڕۆژئاوا ڕازی بکات. من دەزانم دەنگەکانی ئێوە بۆ شەهیدان، خۆڕاگری، بەهێزی لوبنان، شکۆ و سەربەرزییەکەی دەبێت.
لێدوانەکان