سەید حەسەن نەسروڵڵا: بوونی خۆڕاگری ڕێگر بوو لە بۆردومانکردنی لوبنان لەلایەن تەلئەبیبەوە
سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی ئەم بزووتنەوەیە لە شارەکانی “صور” و “النبطی” وتارێکی پێشکەش کرد.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سەید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: بەرەی خۆڕاگری لەم هەڵبژاردنەدا بە دوای چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری وڵاتدایە. لە یەکێک لە ڕاپرسییەکان دا دەرکەوت کە ئەوەی بۆ خەڵک گرنگە بابەتی ئابووری، بژێوی و گەندەڵییە و ژمارەیەکی کەم لە خەڵک، بابەتی سەندنەوەی چەکی خۆڕاگریان باس کردووە، بەڵام بەداخەوە هەندێک گروپی سیاسی ئەم بابەتەیان لەبەرچاو گرتووە.
سەید حەسەن بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم گروپانە لە چەند مانگی رابردوەوە، چەکی خۆڕاگریان وەک ئامرازێک بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیان داناوە، وتی: ئەوانەی دەیانەوێت خۆڕاگری چەک دابنێت و لە دەستی حزبوڵڵا ڕزگاریان بێت، لە کاتی دروستبوونی ڕژێمی زایۆنیستییەوە لە فەڵەستین، ئاگاداری کێشەکانی باشوری لوبنان نین.
نەسروڵڵا ئاماژەی بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کرد و وتی: لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە سیاسەتمەداران [لوبنان] ئیسرائیل بە دوژمن نابینن و قبوڵ ناکەن کە چاوی لە ئاو و گازی لوبنانە. لە میانەی کۆبوونەوەی ساڵی ٢٠٠٦دا، یەکێک لە سیاسەتمەداران وتی ئیسرائیل هێرشی نەکردووەتە سەر لوبنان و هیچ هەڕەشەیەکی بۆ لوبنان دروست نەکردووە و هیچ کێشەیەکیشی لەگەڵ نییە. ئەم کەسە یان نەزانە یان خۆی لە نەزانی داوە.
سکرتێری گشتی حزبوڵڵا وتی: ئەوەی بڵێت هێرشەکانی ئیسرائیل وەڵامی ئۆپەراسیۆنەکانی خۆڕاگرییە، پێی دەڵێین تا شەستەکاندا هیچ ئۆپەراسیۆنێکی لەلایەن حزبوڵڵاوە ئەنجام نەدرا. بەڵام سوپای رژێمی زایۆنیستی لە پەنجاکاندا هێرشی دەکردە سەر گوندەکان و خانووەکانیان وێران دەکرد و هێزە ئەمنییەکانی لوبنان لەلایەن ئەوانەوە دەکوژران.
ناوبراو ئاماژەی بە هەوڵەکانی چەند گروپێکی سیاسی بۆ لێدانی بەرەی خۆڕاگری لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان کرد و سەبارەت بە ئیمام موسا سەدر وتی: ئیمام موسا سەدر خۆڕاگری دامەزراند و سەرکردەکەی بوو. دوای هاتنی بۆ لوبنان، داوای لە حکومەت کرد لەبەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل پشتیوانی باشووری لوبنان بکات و داوایکرد هێزی زیاتر بۆ ناوچە سنووریەکان بڵاوبکرێتەوە. تەنانەت دەیگوت ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە باشوور چەک هەڵبگرێت. بەڵام باشوور لەلایەن حکومەتەوە گرنگی پێ نەدرا و پشتگوێ خرا.
ئیمام موسا سەدر داوای دەکرد بۆ بەرگریکردن لەم خاکە ڕاهێنان بە گەنجەکان بکرێت، بەڵام بەهۆی پشتگوێخستنی حکومەتەوە ئەو گەنجانە بژاردەی خۆڕاگری چەکداریان هەڵبژارد. موسا سەدر تەنانەت سەردانی وڵاتانی عەرەبی کرد بۆ قایلکردنیان بۆ پشتیوانیکردن لە باشووری لوبنان. ئەو دەیگوت حکومەتی لوبنانیش گوێی لێ نەگرتوە. پێویستە هەموو کەس بزانێت بۆچی خەڵکی باشور خۆڕاگری چەکداریان هەڵبژارد. ئەوە ئەو هەڵبژاردەیە بوو کە ئەوان ناچار بوون هەڵبژێرن. ئەمە دەرئەنجامی ئەوە بوو کە حکومەت خەڵکی بە تەنیا جێهێشت.
سەید حەسەن، وتیشی: ئیمام سەدر ڕاهێنان لەسەر بەکارھێنانی چەکی وەک نوێژ و خوێندنەوەی قورئان بە واجب دەزانی. جەختیشی دەکردەوە کە بەرگری لەخۆکردن پێویستی بە مۆڵەتی حکومەت نییە. ئەو لەو کەسانە بوو کە داوای لەناوچوونی ئیسرائیلی کرد. ئیمام سەدر جەختی لەوە دەکردەوە کە ژیان بەبێ قودس مردن و رەزالەتە و ئەگەر موسڵمان یان مەسیحی واز لە قودس بهێنێت واتە لە ئایینەکەیان دەرچوون.
لێدوانەکان