ئاڵۆزیەکانی ئیسرائیل و ڕووسیا لە کوێ دەستی پێکرد؟ هاوکاری ئیسرائیل و نیۆ نازییەکان یا لێدوانەکەی لاڤرۆڤ؟

شەممە 7 ئایار 2022 - 00:17
https://kurdish.iswnews.com/?p=11543

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بە فەرمی ڕژێمی زایۆنیستی بە هاوکاری کردنی “ڕژێمی نیۆ نازی”ی ئۆکرانیا تۆمەتبار کرد.

دوای ئەو گرژییە بێوێنەیەی ڕوسیا و ئیسرائیل لەسەر جەنگی ئۆکرانیا، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ٣ی ئایاردا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و جەختی لە پێگەکانی ئەم دواییەی سێرگی لاڤرۆڤ کردەوە و ئیسرائیلی بە هاوکاریکردنی ڕژێمی نیۆ نازیی ئۆکرانیا تۆمەتبار کرد.
پێشتر سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی ئیتاڵی وتی: من بڕوام وایە کە هیتلەر ڕەگ و ڕیشەی جوولەکەی هەیە و هەندێک لە خراپترین نەیارانی جوولەکە، خۆدی جوولەکەکانن.
جوولەکە بوونی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕەتکردنەوەی بوونی نازییەکان لە ئۆکرانیا نییە.

لێدوانە بێوێنەکانی لاڤرۆڤ کاردانەوەی بەرپرسانی ئیسرائیلی لێکەوتەوە. نەفتالی بنێت سەرۆک وەزیرانی ئەم ڕژێمە داوای ڕاگرتنی بەکارهێنانی هۆلۆکۆستی وەک ئامرازێک کردەوە و وتی: من ئەم لێدوانانە بە مەترسیدار دەزانم. ئەو قسانەی کە پێچەوانەی ڕاستی و لە بنچینەدا نادروستن. مەبەست لەو درۆیانە تاوانبارکردنی جوولەکەکانە بە قێزەونترین تاوانی مێژوویی کە دەرهەقی بە جوولەکەکان کراوە بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی لە دوژمنانی جوولەکەکان دوور بکرێتەوە.
دوابەدوای ئەم ئاڵۆزیانە، وەزارەتی دەرەوەی رژێمی زایۆنیستی داوای لە ڕووسیا کردەوە کە داوای لێبوردن لە جوولەکەکان بکات و ئەناتۆلی ڤیکتۆرۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە فەڵەستینی داگیرکراو بۆ وەزارەتی دەرەوەی ڕژێمی زایۆنیستی بانگ کرا.

لە لێدوانێکی فەرمیدا وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا جەختی لەسەر پێگەکانی لاڤرۆڤ کردەوە و وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی رژێمی زایۆنیستی دایەوە. وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا حکومەتەکەی زێلێنسکی بە “ڕژێمی نیۆی نازی” ناو برد و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە هاوکاری حکومەتی ئۆکرانیا دەکات. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:
ئێمە گوێمان لە لێدوانە دژە مێژووییەکانی یایر لاپید گرتووە، ئەو لێدوانانەی کە تەنیا ڕەنگدانەوەی بڕیارەکەی حکومەتی ئێستای ئیسرائیلە بۆ پشتگیریکردنی ڕژێمی نیۆ نازی لە کیێڤ.
مێژوو نموونەی زۆر بە ئازاری هاوکاری جوولەکەکان لەگەڵ نیۆ نازییەکانی هەیە. ئەڵمانییە نازییەکان پیشەسازانی جولەکەیان بۆ سەر گێتو و ئەنجومەنەکانی جوولەکەکان (Judenrats) لە پۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپای ڕۆژهەڵات دانا و هەندێکیان لەبەر ئەو کارە ترسناکانەی کە ئەنجامیان دا لە مێژوودا مانەوە. لە وارسا و جاکوب لژکین سیخوڕی لە جوولەکەکانیان دەکرد و ئەڵمانیایان ئاگادار دەکردەوە و هاونیشتمانیەکانی خۆیان بە مردنێکی بە ئازار مەحکوم دەکرد. چایم ڕومکۆفسکی گەیشتە ئەو ڕادەیە کە داوا لە جوولەکەکان لە لۆدز کرد منداڵەکانیان بۆ نازییەکان بەجێ بهێڵن بۆ ڕزگارکردنی ژیانی بەساڵاچووانی گتو. زۆر بەڵگەی تر هەیە کە ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە.
ئەوەی لە ڕوانگەی مێژووییەوە تراژیدیە ئەوەیە کە لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا هەندێک لە جوولەکەکان ناچار بوون بەشداری لە تاوانەکان بکەن.

ڕەگ و ڕیشەی جوولەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا ناتوانێت رەتکردنەوەی دەستدرێژییەکانی نیۆی نازییەکان لەو وڵاتەدا بێت. ئۆکرانیا لەم دۆخەدا تەنیا نییە. سەرۆکی لاتڤیا ئیگیلس لێڤیس ڕەگ و ڕیشەی جوولەکەی هەیە و بە هەمان شێوە سەرکەوتوو بووە لە شاردنەوەی هەوڵەکان بۆ پاکتاوکردنی Waffen-SS لە وڵاتەکەیدا.

ئایا دەکرێت لاپید و حکومەتی ڕژێمی زایۆنیستی هەموو ئەمانە نەبینن؟
چۆن ڕاگرتنی هۆلۆکاست و ڕزگارکردنی جولەکەکانی جیهان لەلایەن سەربازانی سوپای سوورەوە پشتگوێ دەخەن؟
چەند جار وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل باڵیۆزی پۆڵەندا، بولگاریا، وڵاتانی باڵتیک و ئۆکرانیای بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتیەکەی بانگ کردووە؟

هەمووی شتێک لە ئۆکراینا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دەستی پێکرد: سەرەتا بە دوای کۆمۆنیستەکان کەوتن و دواتر بۆ سۆسیالیستەکان هاتن و پاشان هەموو جیهانی “شارستانی” بێدەنگ بوون! پاشان ئۆکرانیا ڕووسەکانی لابرد.
ئایا بەپێی پێویست بیر ناکەنەوە کە بزانن ئەو خەڵکە بیانییە کێ بوون کە وازیان لە ڕووسەکان نەهێنا؟

ئیسرائیل لە ڕۆژانی سەرەتای شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیادا هەڵوێستی ڕاشکاوانەی لە دژی ڕووسیا گرتە بەر. ئەوان بە فەرمی ئیدانەی هێرشەکەی ڕوسیایان کرد و دەنگیان بە هەڵپەساردنی ئەندامێتی ڕووسیا لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دا. لە گەڵ بەردەوامی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئاڵۆزییەکانی نێوان مۆسکۆ و تەلئەبیبیش ڕووی لە زیادبوون کردووە و گەیشتە لێدوانی دژ بە یەک و بانگهێشتکردنی باڵیۆزی هەر دوو لا. لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم ئاڵۆزیانە، ئەمەی خوارەوە دەتوانێت ببێتە جێگەی سەرنج و ناکۆکی نێوان لایەنەکان:

١- گۆڕینی سیاسەتی ڕووسیا لە سوریا: سەربەخۆ کردنی حکومەتی سوریا لە بڕیاردان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئیسرائیل و هەروەها یارمەتی سەربازی بۆ سوپای سوریا دەتوانێت توانای بەرگری ئەو وڵاتە لە دژی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل زیاتر بکات. لەلایەکی ترەوە هەر هاوکارییەک بۆ حکومەتی سوریا بەهێزبوونی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی بەدواوە دێت کە هەواڵێکی ناخۆشە بۆ ئیسرائیل.
٢- کۆچکردنی جولەکەکانی ئۆکرانیا بۆ فەلەستینی داگیرکراو: ئیسرائیل لە ئێستادا سوود لە ئاڵۆزییەکانی ئۆکرانیا وەردەگرێت و زیاتر لە ١٠ هەزار کۆچبەری جولەکەی ئۆکرانیای بۆ ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین ڕاکێشاوە و نیشتەجێی کردووە. زیادبوونی نائارامی لە فەڵەستینی داگیرکراو دەتوانێت کاریگەر بێت لە ڕێگریکردنی کۆچی جوولەکەکان بۆ فەلەستین. بۆیە ڕووسیا دەتوانێت لە هاوکێشەکانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیادا لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل ڕۆڵ ببینێت و تەنانەت یارمەتی گروپە خۆڕاگرییەکانی فەڵەستینی بۆ ناسەقامگیری ناوچە داگیرکراوەکان بدات.
٣- کێشە سیاسییەکانی ناوخۆی زایۆنیستەکان: ڕۆڵی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی کنسێت و بەهێزکردنی ڕکابەرەکانی حکومەتی ئێستای وەک ناتانیاهۆ دەتوانێت بە تەواوی حکومەتی نەفتالی بنێت لاواز بکات.

بەدیهاتنی ئەم بابەتانە پەیوەستە بە ئاستی گرژی نێوان لایەنەکان و هەروەها کاردانەوەی سیاسی لایەنەکان بۆ بابەتە جێناکۆکەکان.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *