پێشهاتەکانی یەمەن؛ ٣ی ئایاری ٢٠٢٢
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوابەدوای پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئاگربەست لەلایەن هاوپەیمانی سعوودیەوە و ڕاگەیاندنی ناڕەزایی بەرپرسانی حکومەتی ڕزگاری لەسەر جێبەجێنەکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە، هێزە چەکدارەکانی یەمەن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هەر سیناریۆیەکی لە ڕۆژانی داهاتوودا ئامادەیی خۆیان رایگەیاند.
١- مارب:
بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان لە مارب، ئەنساروڵڵا و حیزبی چاکسازی بە نێوەندگیری پیرانی ناوچەکە بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان ڕێکەوتن. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە ژمارەی زیندانییەکان و چۆنیەتی ڕێککەوتنەکە نەکراوە، بەڵام ئاڵوگۆڕەکە فەرماندە مەیدانییەکانی هەردوو لاوە دەگرێتەوە.
٢- سەعدە:
-لە ٢٧ی نیساندا، دوو هاوڵاتی یەمەنی لە ئەنجامی بۆردوومانی هاوپەیمانی سعوودیە بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی ئیدارەی شەدا لە پارێزگای سەعدە گیانیان لەدەست دا.
-لە ٢ی ئایاردا، تۆپخانەکانی هاوپەیمانی سعودیە هێرشیان کردە سەر ئیدارەی شەدا.
٣- ئەلحۆدەیدە:
هێزەکانی هاوپەیمانی سعوودیە لەماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ١٧٨ جار ئاگربەستیان لەو پارێزگایە پێشێل کردووە.
٤- مەهدی مەشات، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەمەن: وڵاتانی هاوپەیمانی سعوودیە ڕێگری لە ئەنجامدانی هەر کارێک دەکەن کە ببێتە هۆی سەرکەوتنی ئاگربەست کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕاگەیەنراوە. سەرەڕای ئەو نەرمیەی کە نواندوومانە، دوای تێپەڕبوونی نیوەی ماوەی ئاگربەستەکە هیچ پێشکەوتنێک لەسەر ئەو ڕێوشوێنانەی کە ئازارەکانی خەڵکی گەورەی یەمەن کەم بکاتەوە بەدی نەهاتووە. سەرەڕای ئەو ناتەباییانە، بەردەوامین لە هەوڵدان بۆ مافە ڕەواکانی گەلی یەمەن، کۆتایی هێنان بە گەمارۆ و شەڕ و گەڕاندنەوەی ئازادی و سەربەخۆییان لە هەموو خاکی یەمەندا و لەو پێناوەدا هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن ڕووبەڕووی هەر سیناریۆیەک ببنەوە.
٥- لیوا یەحیا سەریع، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن: لە ئەگەری شکستهێنانی ئاگربەست، هێزەکانمان چاودێری زیاتر لە ٢٥٠ ئامانج لە قوڵایی خاکی سعوودیە و ئیمارات دەکەن و لە ڕۆژانی داهاتوودا چەکی نوێ ڕادەستی هێزە چەکدارەکان دەکرێت.
٦- عەبدولقادر مورتەزا، سەرۆکی لیژنەی کاروباری زیندانیانی حکومەتی رزگاری یەمەن: هیوادار بووین لە مانگی ڕەمەزاندا گۆڕانکاری لە دۆخی ئاڵوگۆڕی زیندانیاندا بکرێت و چەندین پلانمان پێشکەش کرد. بەڵام بەداخەوە پاساو و دروستکردنی کێشە لەلایەن بەکرێگیراوانەوە ڕێگربوون لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکە. پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان فشار بخاتە سەر وڵاتانی دەستدرێژیکار و بەکرێگیراوەکانیان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.
٧- شێخ شەمسان ئەبو نەشتان، سەرۆکی ڕێکخراوی گشتی زەکاتی یەمەن: کۆی گشتی زەکاتی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ ٤ ملیارو ١٣٦ ملیۆن و ٣٨٠ هەزار ڕیاڵ بوو. ئەم بڕە بەسەر ٢٠٦ هەزار و ٣١٩ خێزان لە سەنعا و پارێزگاکانی تر دابەش کرا.
٨- عەبدولحەمید ئەلمەوید، بەرێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تواناسازی و چاکسازی: بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی داواکاری گشتی، پشکنینی دادوەری و بەڕێوەبەرایەتی تواناسازی و چاکسازی، بۆ یەکەم جار لە مێژووی دادوەری یەمەندا ١٥٠٠ بەندکراو بە دۆسیەی تاوانباری ئازاد دەکرێن. هەزار کەس لەوانە پاش تەواوکردنی ماوەیەکی سزاکانیان، مەرجەکانی ئازادبوون دەیانگرێتەوە و ئەوانی تریش دوای تەواوکردنی گەرەنتی پێویست ئازاد دەکرێن.
٩- یەمەنییەکان بە بۆنەی ڕۆژی قودسەوە خۆپیشاندان و گردبونەوەیەکی جەماوەرییان لە شارەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەنساروڵڵا ئەنجامدا.
لێدوانەکان