داهاتوویەکی جیاوازتر چاوەڕوانی گەلی فەڵەستین دەکات
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی قودس لە وتارێکی گرنگدا تیشکیان خستە سەر ڕووداوەکانی ئێستای فەڵەستین و ئەو داهاتووەی کە بە هۆی خەباتی گەلی فەڵەستین و بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی چاوەڕوانی ئەم دۆسیە گرنگەی جیهانی ئیسلام دەکات.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕێپێوانی گەلی ئێرانیان لە ڕۆژی جیهانی قودس بۆ پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین بەرز نرخاند و وتیان کە ئەم هەنگاوە، گەورە و بە بەرەکەتە و ئامادەبوونێکی ڕاستەقینەی سیاسی و جەماوەرییە بۆ بەرگری لە قودس.
بەڕێزیان وتیان: ڕاستییەکە ئەوەیە کە تا ڕژێمی داگیرکار و تاوانباری زایۆنیستی بە سەر قودسدا زاڵ بێت هەموو ڕۆژانی ساڵ دەبێت وەک ڕۆژی قودس بێت، قودسی پیرۆز دڵی فەڵەستینە و سەرتاسەری وڵاتی داگیرکراو، درێژەی قودسە، گەلی فەڵەستین زیاتر لە ڕابردوو ئەوەیان پیشان داوە کە بە بوێرییەکی کەم وێنە لە بەرامبەر زاڵمدا وەستاون و بەردەوام دەبن، گەنجانی بوێر و تێکۆشەر بوونەتە قەڵغانی بەرگری لە فەڵەستین و مزگێنی داهاتوویەکی جیاوازتر دەدەن.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: ڕۆژی قودسی ئەمساڵ لە کاتێکدا تێپەڕ دەکەین کە هەموو شتێک باس لە هاوکێشەیەکی نوێ لەمڕۆ و سبەی فەڵەستین دەکات، ئەمڕۆ ئیرادەیەکی سەرکەوتوو لە فەڵەستین و ناوچەکە بووەتە شوێنگرەوەی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی، ئەمڕۆ ئەو سوپا تاوانبارەی زایۆنیستەکان بە ناچاری لە هێرشکردنەوە ڕووی هێناوەتە بەرگری.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی، گرنگترین لایەنگری ڕژێمی زایۆنیستی، واتە ئەمریکا، خۆی تووشی دەیان شکستی بەردەوام بووە، شکست لە شەڕی ئەفغانستان، شکست لە سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، شکست لە بەرامبەر زلهێزەکانی ئاسیا، شکست لە کۆنتڕۆڵکردنی ئابوریی جیهان، شکست لە ئاستی ناوخۆیی و دیاردەی کەلێنی قووڵ لە دەسەڵاتی ئەمریکا.
بەڕێزیان وتیان: ڕاپرسییەکان دەڵێن کە لە سەدا 70 ی فەڵەستینییەکان لە ناوچەکانی 1948 و 1968 و کەمپەکانی دەرەوە، سەرکردە فەڵەستینییەکان بۆ هێرشە سەربازییەکانی دژ بە زایۆنیستەکان هان دەدەن، ئەمەش پێشهاتێکی گرنگە، لە بەر ئەوەی کە بە واتای ئامادەیی تەواوی فەڵەستینییەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی و گرووپەکانی خۆڕاگری دەستکراوە دەکات تا هەر کات گونجاو بێت لە دژی ئەو ڕژێمە هەنگاو بنێن.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختیان کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لایەنگری ڕاستەقینەی بەرەی خۆڕاگرییە، لایەنگری فەڵەستین و خۆڕاگریی ئەم وڵاتەیە، ئەمەمان بەردەوام باس کردووە و بە کردەوەش سەلماندوومانە و پێداگریشی لە سەر دەکەین، ئێمە هەنگاوی خیانەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئیدانە دەکەین.
جام کوردی
لێدوانەکان