ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی حەشدی شەعبی لە ناوەڕاستی عێراق
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکانی بابل و پارێزگای سەڵاحەدین دەستپێکرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی جورف ئەلنەسر لە باکوری پارێزگای بابل و چیای حەمرین لە پارێزگای سەڵاحەدین ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی گەورەیان دەستپێکرد.
بەپێی زانیارییەکان، لە پارێزگای بابل لیوای ٤٧ی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە کێوماڵکردن و گەڕان لە ناوچە جیاجیاکاندا کردووە. ئۆپەراسیۆنەکە لە ناوچەی ئەلبەهبان دەستیپێکردووە و هێزە عێراقییەکان تا ناوچەی مەقبەرەتی رەویعیە پێشڕەویان کردووە.
هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق هاوکات ئۆپەراسیۆنێکی دیکەیان لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین دەستپێکردووە. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لیوای ٢٢ی حەشدی شەعبی و هێزەکانی سوپای عێراق بەشداریان هەیە.
حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوەکەیدا، ئۆپەراسیۆنەکەی بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی “ئیرادەی بەهێز” ڕاگەیاند کە بە ئامانجی لەناوبردنی کۆتایی تیرۆریستانی داعش و ڕێگریکردن لە خۆ رێکخستنەوەی ئەو تیرۆریستانە ڕاگەیەنراوە.
ئەو ئۆپەراسیۆنانە لە کاتێکدایە کە سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق لە گەڕانەوەی داعش هۆشداری دەدەن. لەم بارەیەوە ماڵپەڕی ئۆراسیا ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکیدا نووسیویەتی، لەگەڵ تێپەڕبوونی نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر کۆتایی هاتنی خەلافەتی داعش لە عێراق، بەڵام هێشتا ئەو تیرۆریستانە وەک شانە نوستووەکان لە ناوچە بیابانی و شاخاوییەکان لە چالاکییەکانیان بەردەوامن.
بەپێی سەرچاوە عێراقییەکان، تیرۆریستانی داعش لەساڵی ٢٠٢١ەوە چالاکییەکانیان زیادکردووە و پێشبینی دەکرێت لەئێستادا ٨٠٠٠ تیرۆریستی داعش لە عێراق بوونیان هەبێت کە لەو ژمارەیە ٤٠٠٠ داعشی چالاکییان هەیە و ئەوانی دیکەش وەک شانە نوستووەکان لەناو کۆمەڵگادا دەژین.
لێدوانەکان