ئازادکردنی چواردە دیلی بیانی لەلایەن ئەنساروڵڵاوە

دووشەممە 25 نیسان 2022 - 11:47
https://kurdish.iswnews.com/?p=10871

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لیژنەی کاروباری زیندانیانی حکومەتی ڕزگاری یەمەن بە فەرمانی سەید عەبدولمەلیک حوسی ٤٢ دیلی هاوپەیمانی سعوودیەی ئازاد کرد کە ژمارەیەک هاونیشتمانی وڵاتانی ئەفریقی، ئاسیایی و بەریتانیای تێدا بوون.

ڕۆژی ٢٣ی نیسان عەبدولقادر مورتەزا سەرۆکی لیژنەی کاروباری زیندانیانی حکومەتی ڕزگاری یەمەن لەسەر فەرمانی سەید عەبدولمەلیک بەدرەدین حوسی سەرۆکی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا ئازادکردنی ٤٢ زیندانی هاوپەیمانی سعودیەی ڕاگەیاند کە ١٤ هاونیشتمانی وڵاتانی بیانی تێدا بوو. ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم هەنگاوە بە بۆنەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و وەک دەستپێشخەرییەکی مرۆیی بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری لە دۆسیەی ئاڵوگۆڕی زیندانیان و یارمەتیدان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەم دواییە ئەنجام دراوە.

هەر لەم بارەیەوە ڕۆژی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی عومان ڕۆڵی خۆی لە پرۆسەی ئازادکردن و گواستنەوەی ١٤ دیلی نەتەوە جیاوازەکانی پشتڕاست کردەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عومان، سێ لە دیلەکان خاوەن ڕەگەزنامەی بەریتانیا، حەوتیان هیندی و چواری دیکەشیان خەڵکی ئیتیۆپیا، ئیندۆنیزیا، فلیپین و میانمارن.
پێدەچێت هەندێک لە دیلەکانی ئاسیایی و ئەفریقی لە تاقمی کەشتی ئیماراتی “روابی” بن کە لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا لەلایەن ئەنساروڵڵاوە دەستی بەسەردا گیرابوو. بەندکراوانی بەریتانی لە ئاڵوگۆڕەکانی ڕابردوودا لە نێو ئەو کەسانەدا بوون کە چالاکی سیخوڕی و ئەمنی و… لە یەمەن هەبووە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم سێ هاونیشتمانی بەریتانیا بە هۆکاری ئەمنی بەدیل گیرابن.

ئەم دەستپێشخەرییە مرۆییە لە کاتێکدا دێت کە ڕۆژی رابردوو هاوپەیمانی سعوودیە ڕێگری لە یەکەم گەشتی بازرگانی بۆ فڕۆکەخانەی سەنعا کرد. لە دوای ئەم هەنگاوە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن هانس گروندبێرگ نیگەرانی خۆی لە لاوازبوونی ڕێککەوتننامەی ئاگربەست دەربڕی و داوای کرد گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سەنعا بەپێی ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی کاتی جێبەجێ بکرێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *