تونس: ئیسرائیل بەدوای گۆڕینی ناسنامەی فەڵەستینە
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە کۆبوونەوەی لیژنەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لە ئوردن، وەزیری دەرەوەی تونس هۆشداری دا لە هەوڵەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ گۆڕینی بارودۆخی مێژوویی و یاسایی ئێستای قودس و مزگەوتی ئەقسا.
وەزیری دەرەوەی تونس عوسمان ئەلجەرندی لە کۆبوونەوەی لیژنەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی کە لە پایتەختی ئوردن سازکرا وتی: پێویستە جیهانی عەرەبی بە یەک دەنگی لە دژی ئەو کردەوە وروژێنەرانەی ڕژێمی زایۆنیستی بوەستێتەوە، چونکە ئەم سیاسەتانە کارەساتبارن و نەک تەنیا زیان بە ئاسایش و ئاشتی فەڵەستین بەڵکو بە هەموو جیهان دەگەیەنێت.
ئەلجەرندی وتیشی: دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی پێویستی بە هەڵوێستێکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی ٧٤ ساڵەی فەڵەستینییەکان و ئەمەش تاقیکردنەوەیە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
ناوبراو دووپاتیشیکردەوە کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە مەترسییەکانی کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنستی بۆ گۆڕینی ناسنامەی فەڵەستین تێبگات و پرسی فەڵەستینیش لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت.
جێی ئاماژەیە لە ٢١ی نیساندا کۆبوونەوەیەکی لیژنەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لەسەر بانگهێشتی ئوردن لە عەممانی پایتەخت بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی فەڵەستین و ڕێگاکانی ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە بەڕێوەچوو.
لیژنەکە لە وڵاتانی جەزائیر، سعودیە، فەڵەستین، قەتەر، میسر، مەغریب و تونس پێک دێت کە لەئێستادا لەلایەن ئوردنەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
لێدوانەکان