تاقیکردنەوەی سیستەمێکی بەرگریی لەیزەری لەلایەن ئیسرائیلەوە

یەکشەممە 17 نیسان 2022 - 12:45
https://kurdish.iswnews.com/?p=10483

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بە پێی زانیاریەکانی وەزارەتی بەرگری ڕژێمی زایۆنیستی، یەکەم تاقیکردنەوەی سیستەمی نوێی بەرگری لەیزەری دوای تێکشکاندنی چەند ئامانجێک وەک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و مووشەکێک بەسەرکەوتوویی ئەنجامدراوە.

لە ١٤ی نیسان وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی لەیزەری وەک بەشێک لە پلانی خێراکردنی هێزی بەرگری و کەمکردنەوەی تێچووەکان بە سەرکەوتوویی تاقیکردۆتەوە. یامبۆل رۆتم سەرۆکی تیمی توێژینەوە و گەشەپێدان لە وەزارەتی بەرگری ڕژێمی زایۆنیستی ووتی: بەکارهێنانی لەیزەر پێشکەوتنێکی بنەڕەتییە و ئەم تەکنەلۆجیایە، سادە و لە ڕووی داراییەوە گونجاوە.

وەزارەتی بەرگری ڕژێمی زایۆنیستی ماوەی چەند ساڵێکە سیستەمی بەرگری لەیزەری تاقی دەکاتەوە و ساڵی ڕابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان بە بەکارهێنانی لەیزەر تێکشکاند. تاقیکردنەوەکانی ئەم دواییەی سیستەمەکە لە یەکەم تاقیکردنەوەکان بوون کە لە دژی هەڕەشەکانی تر وەک موشەکی کۆنترۆڵکراو بە سەرکەوتووانە ئەنجام درا.

تیمی توێژینەوە و گەشەپێدانی سیستەمەکە لە بنەڕەتدا بەنیازبوون ئەم سیستەمە بەرگرییە تا ساڵی ٢٠٢٤ لە ناوچەکانی فەڵەستینی داگیرکراودا جێگیر بکات، بەڵام سوپای ڕژێمی زایۆنیستی سوورە لەسەر خێراکردنی ئەم پرۆسەیە. لە مانگی شوباتدا نەفتالی بنێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەو رژێمە لە ماوەی ساڵی داهاتوودا سیستەمەکە جێگیر دەکاتەوە.

وەک دەبینرێت بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی ترسی ئەوەیان هەیە کە لە شەڕەکانی داهاتوودا سوپای ئیسرائیل مووشەکی پێویستی بۆ “قوبەی ئاسنین” بۆ بەرپەرچدانەوەی موشەک، ڕۆکێت و درۆنەکان نەمێنێت. هەر لەم بارەیەوە وەزیری بەرگری ئیسرائیل بێنی گانتز ووتی: هەموو هەوڵێکی دەدەین بۆ ئەوەی ئەم سیستەمە بەزووترین کات بە گەڕبخرێت و چەترێکی پاراستنی کارا، هەرزان و داهێنەرانە دروست بکرێت.

سیستەمی بەرگری لەیزەری Iron Beam کە لەلایەن کۆمپانیای ڕافائیلەوە پەرەی سەندووە، جێگرەوەی قوبەی ئاسنین یان سیستمەکانی تری بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل نییە، بەڵکو تەواوکاریان دەبێت بۆ تێکشکاندنی بەشێک لە هێرشەکان. بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل ئەم سیستەمە بەرگرییە نزیکەی ٧ کیلۆمەتر مەودای هەیە و سوودە سەرەکیەکانی بەکارهێنانی سیستەمەکەش تێچووی کەمتر، ژمارەی تەقاندنی بێسنوور و بەکارهێنانی هێزی مرۆیی کەمترە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *