هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی بۆ سەر بارەگای حەشدی شەعبی لە نەینەوا
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو بۆ سەر بارەگای فەوجی ٧٨ی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ڕۆژئاوای موسڵ، جێگری فەرماندەی فەوجەکە بریندار بوو.
درەنگانی شەوی رابردوو بارەگای فەوجی ٧٨ی حەشدی شەعبی لە ناوچەی زوممار لە پارێزگای نەینەوا لەلایەن درۆنێکی نەناسراوەوە کرایە ئامانج. لە ئەنجامی هێرشەکە جێگری فەرماندەی فەوجی ٧٨ی ئەو هێزانە برینداربوو. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی درۆنە هێرشبەرەکەوە بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام هەندێک سەرچاوە ڕایانگەیاندووە کە درۆنە نەناسراوەکە دوای ئەنجامدانی هێرشەکە بەرەو هەرێمی کوردستان ناوچەکەی جێ هێشتووە.
دوای چەند خولەکێک لە هێرشەکە، ئاشکرابوو کە هێرشەکە بە بەکارهێنانی دوو گوللە هاوەنی ٦٠ ملیمەتری ئەنجام دراوە. هەروەها دەوترێت هاوەنەکان بە هگزاکۆپتەرێکی بازرگانی لە جۆری DJI Matrice 600 هەڵدرانە خوارەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە، هاوکات لەگەڵ هێرشەکەدا، چەندین فڕۆکەی سیخوڕی و سووتەمەنیی ئەمریکا بەسەر ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای عێراق و ڕۆژئاوای عێراق بینراون.
لەلایەکی ترەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بەو رووداوە رایگەیاند: “لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە گوایە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو چەند بنکەیەکی فەوجی ٧٨ی حەشدی شەعبی لە زوممار لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بۆردوومان کردووە و گوایە رووداوەکە کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە، بەڵام ئەم هەواڵە راست نییە”.
لێدوانەکان