سوپای پاکستان هێرشێکی ئاسمانی قورسی کردە سەر رۆژهەڵاتی ئەفغانستان

شەممە 16 نیسان 2022 - 15:13
https://kurdish.iswnews.com/?p=10446

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکانی سوپای پاکستان هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگای خۆست، کۆنەر و پەکتیکای ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان.

دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی چەکدارانی تاڵیبانی پاکستان بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی پاکستان، بەشێک لە ناوچە سنورییەکانی پارێزگاکانی خۆست، کۆنەر و پەکتیکا ی ئەفغانستان لەلایەن تۆپخانەکان و فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای پاکستانەوە هێرشیان کرایە سەر.

بەپێی میدیا ناوخۆییەکان، وردەکاری ئۆپەراسیۆنی سوپای پاکستان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٦ی نیسان بەم شێوەیە:
١- هێرشی تۆپخانەیی کراوە سەر ناوچەی بیست تۆنی پارێزگای کۆنەر کە بە هۆیەوە ٦ ئەندامی خێزانێک لەوانە ژنێک و پێنج منداڵی گیانیان لەدەست دا.
٢- هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای پاکستان بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەکانی ناوچەی وەزیرستانی باکوور لە میرسەفەر و کورایی و پێگەکانی چەکدارانی تاڵیبانی پاکستان لە گوندەکانی مندێتا، ئەمیر سپەر، پەخی میلی و شکونی سەر بە شارۆچکەی سپەری پارێزگای خۆست.
٣- هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای پاکستان بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی پارێزگای پەکتیکا.
هیچ وردەکارییەک لەبارەی زیانەکانی ئەم هێرشە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام هەندێک لە میدیا ناوخۆییەکان ڕایانگەیاندووە، کە لە هێرشەکەدا زیاتر لە ٤٠ کەس کوژراون و برینداربوون.

دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، هێزە چەکدارەکانی تاڵیبانی پاکستان خاکی ئەو وڵاتە بۆ ئامادەکاری هێرشەکانیان لە دژی سوپا و حکومەتی پاکستان بەکاردێنن. هەر بۆیە سوپای پاکستان چەندین جار پێگەکانی ئەو چەکدارانەیان له سەر خاکی ئەفغانستان کردۆتەوە ئامانج. لە نێو ئەو هێرشانەدا، ئۆپەراسیۆنەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەکرێت یەکەم وەڵامی بەرفراوان و جددی پاکستان بۆ ئامادەبوون و جموجۆڵەکانی هێزە چەکدارەکانی تاڵیبانی پاکستان لە ناو خاکی ئەفغانستان بێت. لە هێرشەکانی ئەم دواییەی تاڵیبانی پاکستان لە ناوچەکانی سنووری ئیشم و باجاور ٩ سەربازی پاکستانی کوژران و ٤ی دیکەش بریندار بوون. هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە گروپە جوداخوازەکانی بەلوچستانیش پێگەکانی سوپای پاکستانیان لە شارەکانی نوشکی و بۆلان کردۆتەوە ئامانج.

تا ئێستا تاڵیبانی ئەفغانستان هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی بۆ ئەو هێرشانە نەبووە. بەڵام سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاندووە، کە تۆپخانەکانی تاڵیبان هێرشیان کردووتە سەر پاسەوانانی سنووری سوپای پاکستان و هەروەها ئۆتۆمبێلی سەربازیش بۆ ناوچە سنوورییەکان ناردووە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *