هەناردەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری سەربازی رژێمی زایۆنیستی بۆ وڵاتانی عەرەبی دۆست
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ نرخی هەناردەی سەربازی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ وڵاتانی عەرەبی کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو رژێمە ئاسایی کردۆتەوە، لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بەرزبوویەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، وەزارەتی ئاسایشی گشتی رژێمی زایۆنیستی لە بەیاننامەیەکدا کە لە میدیاکانی عیبری بڵاو کراوەتەوە رایگەیاند، سەدا ٧ی هەناردەی سەربازی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢١دا ٧٩١ ملیۆن دۆلار بووە و هەناردەی ئەو وڵاتانە کراوە کە ڕێککەوتننامەی “ئاشتیی ئیبراهیم”ـیان لەگەڵ تەلئەبیب واژۆ کردووە.
بەم پێیە، ئیمارات و بەحرەین کە بەم دواییانە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بە پێی ڕێککەوتنی ناسراو بە پەیمانی “ئاشتیی ئیبراهیم” ئاسایی کردەوە، لەسەدا ٧ی هەناردەی سەربازی ئیسرائیلیان کڕیوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا “یائیر کۆلاس” سەرۆکی بەشی هەناردەی چەک لە وەزارەتی جەنگی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە مەغریب هەروەها چەند گرێبەستێکی بە بەهای ٥٦٠ ملیۆن دۆلار بۆ بەدەستهێنانی موشەکی «باراک – ٨» واژۆ کردووە. بە وتەی کۆلاس، لە گرێبەستە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین باس لە فرۆشتنی ئەو مووشەکە نەکراوە.
بە پێی ئەو ئامارانەی کە بڵاوکراوەتەوە، قەبارەی هەناردەی سەربازی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢١دا گەیشتۆتە ١١.٣ ملیار دۆلار کە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ لەسەدا ٣٠ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە کە ٨.٥ ملیار دۆلار بووە.
بەپێی ئەم ئامارانە لەسەدا ٤١ی کەلوپەلە سەربازیی و ئەمنییەکانی ئیسرائیل هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا، لەسەدا ٣٤ بۆ وڵاتانی ئاسیا و ئۆقیانووسیە، لەسەدا ١٢ بۆ وڵاتانی ئەمریکای باکوور و هەروەها لەسەدا ٣ بۆ وڵاتانی ئەفریقی کراون.
لێدوانەکان