شەهید بوونی چوار فەڵەستینی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا + ڤیدیۆ
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بەیانی ئەمڕۆ مێردمنداڵێکی فەڵەستینی کە ڕۆژی رابردوو لەلایەن هێزەکانی رژێمی زایۆنیستیەوە بریندار بوو، گیانی لەدەست دا و بەم شێوەیە ژمارەی شەهیدانی ٢٤ کاتژمێری رابردووی کەنارەکانی ڕۆژئاوا بۆ چوار کەس بەرزبوویەوە.
ڕۆژی رابردوو مێردمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی “محەمەد حوسێن زکرنا” دانیشتووی گەڕەکی ڕۆژهەڵاتی جنین لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئیسرائیلەوە تەقەی لێکرا و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئەنجامی سەختی برینەکەی شەهید بوو.
لە بەرەبەیانی دوێنێوە هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی هەڵیانکوتایە سەر چەند ناوچەیەکی کەنارەکانی ڕۆژئاوا لەوانە جنین، نابلوس، ئەریحا و تولکەرم و لە ئەنجامدا سێ فەڵەستینی بە ناوەکانی مەها کازم ئەلزەعتەری تەمەن ٢٤ ساڵ، غادە ئیبراهیم سباتین تەمەن ٤٧ ساڵ و محەممەد عەلی غەنیم تەمەن ٢١ ساڵ شەهید و زیاتر لە دە کەسی دیکەش برینداربوون.
چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا سوپای داگیرکەری زایۆنیستی هەڕەشەی هێرشکردنە سەر جنینی کرد، ئەگەر باوکی ڕەعد حازم، ئەنجامدەری ئۆپەراسیۆنی تەلئەبیب خۆی ڕادەستی ئەو هێزانەی نەکات.
لەو بارەیه کەتیبەکانی جنینی سەر بە بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین ڕایگەیاند کە ئاستی ئامادەیی هێزەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی سوپای داگیرکەر بەرز کردۆتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە شەوی ڕابردوو زیاد نەخاڵە ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین بە تەلەڤزیۆنی ئەلمەناری ڕاگەیاند: فەڵەستینیەکان چەندین بژاردەی ڕوبەڕوبوونەوەیان لە کەنارەکانی ڕۆژئاوا، قودس و کەرتی غەزە هەیە و هەماهەنگی و پلان لە نێوان هێزەکانی خۆڕاگری لە غەزە و جنیندا هەیە.
ناوبراو وتیشی: ناتوانین چاومان دابخەین لەسەر ئەوەی لە قودس یان کەنارەکانی ڕۆژئاوا دەگوزەرێت و گروپە خۆڕاگرییەکانی فەڵەستینی وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی زایۆنیستەکان دەدەنەوە. ئێمە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆداین لەگەڵ داگیرکەران و دەبێت لە هەر ساتێکدا چاوەڕوانی شەڕێکی سەرتاسەری بین.
لێدوانەکان