دوایین هەواڵەکان لە شەڕی ئۆکرانیا، ١ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ + نەخشەی مەیدانی

شه‌ممه‌ 2 نیسان 2022 - 10:31
https://kurdish.iswnews.com/?p=9656

تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی مەیدانی ئۆکرانیا لەسەر نەخشە

لە هەفتەی ڕابردوو، لە میحوەری باکور و ناوچەکانی دەوروبەری کیێڤ و چەرنیهیڤ، هێزەکانی ئۆکرانیا توانیان چەند ناوچەیەک کۆنترۆڵ بکەنەوە.
لە ڕۆژئاوای کیێڤ دوای دژە هێرشی هێزەکانی ئۆکرانیا، هێزەکانی سوپای ڕوسیا بۆ پشت رێگای کیێڤ-ژیتومیر پاشەکشەیان کردەوە. هەروەها دژە هێرشی هێزە ئۆکرانییەکان بۆ سەر میحوەری ئیڤانکیێڤ بووە هۆی کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئیڤانکیڤ.
لە باکوری کیێڤ هێزەکانی ئۆکرانیا توانیان بە کردنەوەی ئاوی بەنداوی ئیرپین پێشڕەویی هێزەکانی ڕوسیا لەو میحوەرە بوەستێنن و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی موشیچن و گۆرینکا بکەنەوە.
لە ڕۆژھەڵاتی کیێڤ، هێزەکانی ئۆکرانیا بە ئەنجامدانی سەرکەوتووانەی دژەهێرش، توانیان پاشەکشە بە هێزەکانی ڕوسیا لە ناوچەی برووای بکەن.

لە دەوروبەری چەرنیهیڤ، هێزەکانی ئۆکرانیا توانیان لە باشوری ڕۆژئاوای چەرنیهیڤەوە بە ئەنجامدانی دژەهێرش پاشەکشە بە هێزەکانی ڕووسیا بکەن. لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی ڕوسیا دەستیان بەسەر گوندی سلاڤیچ لە ڕۆژئاوای چەرنیهیڤ گرت.

دوای کشانەوەکانی سوپای ڕوسیا لە میحوەرە سەرەکیەکانی کیێڤ و چەرنێهیڤ و میحوەرەکانی تر، وەزارەتی بەرگری ڕوسیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند کە ئەو کشانەوەی هەفتەی ڕابردوو ئەنجامدراون، بەرنامە داڕێژراو بووە. وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند کە لە مانگی ڕابردوودا ئامانجی سەرەکی سەرقاڵکردنی هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ پاراستنی شارە گەورەکان بوو و لە ئێستادا لەگەڵ بەدیهاتنی ئەو ئامانجە، هێزەکان لە چەند بەرەیەک پاشەکشەیان کردووە و قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکەی ڕوسیا بە تیشک خستنە سەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەی دۆنباس بەردەوام دەبێت.

لە میحوەری ڕۆژئاوا، هێزەکانی سوپای ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵی شارۆچکەی تۆرۆستیانتس-یان کردەوە. دژەهێرشی هێزەکانی ئۆکرانیا لە باشوری سامی بووە هۆی ئەوەی هێزەکانی ڕوسیا لە چەند شوێنێکی ناوچەکە بکشێنەوە.
لە باشوری ڕۆژهەڵاتی خارکیڤ هێزەکانی ئۆکرانیا پاشەکشەیان بە هێزەکانی سوپای ڕوسیا لە ناوچەی مالایا ڕۆگون کردەوە و هەروەها چەند کیلۆمەتریان لە ڕێگای خارکیڤ – چۆگویڤ کێوماڵ کردەوە. لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوو بارودۆخی شاری خارکیڤ نەگۆڕاوە و شارەکە بەردەوام لەلایەن سوپای ڕووسیا بۆردومان دەکرێت.

لە میحوەری باشوری ڕۆژهەڵات لە ناوچەی دۆنباس، پێکدادانەکان لە نێوان سوپای ڕوسیا و هێزەکانی ئۆکرانیا بەردەوامە. ئەم میحوەرە لە ئێستادا چالاکترین میحوەری ئۆکرانیایە و بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای ڕوسیا، لە ڕۆژانی داهاتوو هێزەکانی سوپای ڕوسیا، دۆنێتسک و لوهانسک تیشک دەخەنە سەر ئەم ناوچەیە.
لە میحوەری ئیزیۆم، سوپای ڕووسیا بە تێپەڕبوون لە شارۆچکەی ئیزیۆم بەرەو سلۆڤیانسک پێشڕەوی دەکات. وەک دەوترێت سوپای ئۆکرانیا بۆ ڕێگریکردن لە پێشڕەوییەکانی ڕوسیا و هاوپەیمانەکانی، بەنداوێکی لەو ناوچەیە کردووەتەوە.

لە میحوەری سوورەدۆنێتسک، شەڕ و پێکدادان لە باشوری شارۆچکەی ڕوبیژنە بەردەوامە. پێشتر هێزەکانی سوپای ڕوسیا بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە شارۆچکەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵام بە بڵاوبوونەوی چەند گرتە ڤیدیۆییەک لە ناو شارۆچکەکە، دەرکەوت کە هێزەکانی سوپای ئۆکرانیا لە گەڕەکەکانی باشوری ڕوبیژنە بوونیان هەیە و بە تەواوی لەلایەن هێزەکانی سوپای ڕوسیا و لوهانسکەوە کۆنترۆڵ نەکراوە. هەروەها لە باکوری ڕۆژئاوای ڕوبیژنە هێزەکانی سوپای ڕووسیا ناوچەکانی زیلتیوکا و تێرنی و ژمارەیەک گوندی دیکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.

لە میحوەری پۆپسانا بارودۆخی مەیدانی بەتەواوی ڕوون نییە، بەڵام هێزەکانی سوپای ڕووسیا لە ناوچەکانی باشووری شارەکەدا بوونیان هەیە و شارەکەش بە هێڵی پەیوەندی سوپای ڕووسیا و سوپای ئۆکرانیا دادەنرێت. وا دیارە روسیا لەئێستادا هیچ پلانێکی بۆ پۆپسانا نییە.
لە میحوەری گورلیڤکا و شاری دۆنێتسک هێزەکانی سوپای ڕووسیا لە هەفتەی ڕابردوودا پێشڕەوییەکی کەمیان هەبووە. لە باکوری دۆنێتسک هێزەکانی سوپای ڕوسیا و دۆنێتسک دەستیان بەسەر گوندی ڤێرخنترێسکێدا گرتووە و بەرەو ناوچەکانی باکوور پێشڕەوی دەکەن. ئامانجی پێشڕەوی لەم میحوەرە دەکرێت بەرەو ڕێگای باشووری کراماتورسک بێت بۆ تەواوکردنی گەمارۆی سورەدۆنێتسک و کراماتورسک لەو ناوچەیە.
لە ڕۆژئاوای شاری دۆنێتسک شەڕ و پێکدادان لە مارینکا بەردەوامە. سوپای ئۆکرانیا لەم ناوچەیەدا بە باشی بەرگری دەکات. تێکشکانی هێڵی بەرگری سوپای ئۆکرانیا لە مارینکا، دەکرێت کلیلی پێشڕەوی سوپای ڕووسیا بەرەو قوڵاییەکانی ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژئاوای دۆنێتسک بێت.

لە میحوەری ماریۆپۆل، شەڕ و پێکدادان لە شاری ماریۆپۆل بەردەوامە. سەرەرای ئەو هەواڵانەی کە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕوسیا باس لەوە دەکەن کە لەسەدا ٨٠ی شارەکە لەلایەن هێزەکانی سوپای ڕوسیا و دۆنێتسکەوە کۆنترۆڵکراوە، ئەو بابەتە دوورە لە ڕاستییەوە. بەپێی زانیارییەکانی سەربازێکی دۆنێتسک لە ناو شاری ماریۆپۆلەوە، هێزەکانی ئۆکرانیا کەرەستەی تاکەکەسیی گونجاو وەک کامێرای تایبەت بە شەو، چەکە ئەمریکییەکان، سیستەمی پەیوەندی و .. بەکاردێنن، و لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی دۆنێتسک کەرەستەی زۆر لاوازتریان هەیە. سەرەڕای ئەوە و بەهۆی گەمارۆی شاری ماریۆپۆلەوە بەرگریکارانی شارەکە زوو یان درەنگ شکست دێنن و شارەکە بەتەواوی دەکەوێت.
لەم نەخشەیەدا، دوایین دۆخی مەیدانی لە شاری ماریۆپۆل وێنەکراوە. سەبارەت بە نەخشەکە، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ لەسەر بنەمای دوایین دۆخی راگەیەنراو و ڕاپۆرتەکانی بەردەست لە ماریۆپۆلەوە ئامادە کراوە، بۆیە ئەگەری هەڵە لە نەخشەکەدا هەیە.

لە باشوور و میحوەری خێرسۆن و میکولیێڤ هێزەکانی سوپای ئۆکرانیا لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک دژەهێرش توانیویانە تا رادەیەکی زۆر سوپای ڕووسیا لە دەوروبەری شاری میکۆلایڤ دوور بکەنەوە. پێشڕەوییەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا تەنانەت تا نزیک شاری خێرسۆن بەردەوام بوو و سوپای ڕووسیا لە یەکێک لە بڵاوکراوەکانی پووچەڵکردنەوەی هێرشەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ناوچەی چەرنۆبیوکای ڕۆژئاوای خێرسۆن ڕایگەیاند. لەئێستادا پێکدادانی ناوبەناو لەم میحوەرەدا لەنێوان هێزەکانی ڕوسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *