دوایین هەواڵەکان لە شەڕی میحوەرەکانی باکور، ڕۆژهەڵات و باشوری ئۆکرانیا، ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٢

دوو شه‌ممه‌ 28 شوبات 2022 - 11:08
https://kurdish.iswnews.com/?p=7504

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ شەڕ و پێکدادان لە سێ میحوەری ڕۆژهەڵات، باکور و باشوری ئەو وڵاتە بەردەوامە.

بە پێی دوایین هەواڵەکان لە شەڕی ئۆکرانیا، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ڕوسیا لە ئۆکرانیا لە پاش ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی قورس و ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی دژ بە ژێرخانی سەربازی و ستراتیژی ئۆکرانیا چوونەتە قۆناغی پێشڕەوی زەمینیەوە. لە ئێستادا شەڕ و پێکدادان لەسەر سێ میحوەری ڕۆژهەڵات و باکور و باشووری ئەو وڵاتە بەردەوامە. وردەکاریی پێشڕەویەکان و گۆڕانکارییەکانی هێڵەکانی ململانێ بەم شێوەیەیە:

میحوەری باکوور:
بەگشتی دوای چوار ڕۆژ پێکدادانی قورس لەبەردەم شاری کیێڤ و دەوروبەری، بارودۆخی ناوچەکە سەقامگیرییەکی ڕێژەیی بەدەست هێناوە. لە ئەبڵەست چەرنێهیڤ هێزەکانی سوپای ئۆکرانیا هێرشەکانی ڕوسیایان بۆ سەر شارۆچکەی چەرنێهیڤ پوچەڵکردۆتەوە و هێزەکانی ڕوسیاش ئێستا لە ناوچەکانی باکووری (دەرەوەی) شارەکەدا جێگیر بوون.

لە میحوەری شاری کیێڤ هێشتا کۆنتڕۆڵی فڕۆکەخانەی گوستۆمێل (ئانتۆنۆڤ) لە دەست هێزەکانی سوپای ڕوسیا ماوەتەوە. ئەم فڕۆکەخانەیە بە پاڵپشتی سەرەکی هێزەکانی ڕوسیا بۆ هێرشکردنە سەر کیێڤ دادەنرێت.
دوانیوەڕۆی ڕۆژی رابردوو، ناوچەکانی باشوری فڕۆکەخانەی گوستۆمێل، یەکێک لە قورسترین شەڕەکانی چوار ڕۆژی ڕابردووی نێوان هێزەکانی سوپای ڕوسیا و سوپای ئۆکرانیا بەخۆیەوە بینی. هێزەکانی سوپای ڕوسیا هەوڵ دەدەن بە پێشڕەویەکانیان لەم میحوەرە، دەروازەکانی ڕۆژئاوای شاری کیێڤ دابخەن.

هیچ زانیارییەکی ڕوون لەبارەی بارودۆخ و چۆنیەتی جێگیربوونی هێزەکانی ڕوسیا و ئۆکرانیا لە کیێڤدا نییە. لەم چەند ڕۆژەی دواییدا چەندین ڤیدیۆ لە بوونی هێزەکانی ڕوسیا لە ناو شاری کیێڤ و شەڕیان دژی هێزەکانی ئۆکراینی بڵاوبۆتەوە. ئەوەی بەپێی زانیارییە بەردەستەکان دیارە هێشتا ئاژاوە لە کیێڤدا بەردەوامە و هێزەکانی هەردوولا پێگەکانیان لەو شارە ناجێگیرە. لەگەڵ ئەوەشدا جێی ئاماژەیه زۆربەی ئەو پێکدادانانه له ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوا و ڕۆژئاوای شاری کیێڤ ڕوویداوە و بوونی هێزەکانی ڕوسیا لەو بەشەی شارەکە پشتڕاست دەکرێتەوە. لەلایەکی ترەوە وەزارەتی بەرگری ڕوسیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەو وڵاتە توانیویانە بەشی ڕۆژئاوای شاری کیێڤ کۆنتڕۆڵ بکەن.

لە پارێزگای سامی، هێزەکانی سوپای ڕوسیا شاری کۆنۆتۆپی ڕۆژئاوای ئەو پارێزگایەیان کۆنترۆڵ کردووە. پێشڕەویەکان لە ڕۆژئاوای پارێزگای سامی بە خاوی بەڕێوەدەچێت.

میحوەری ڕۆژهەڵات:
دوای چەند ڕۆژ لە پێکدادانەکانی دەوروبەری شاری خارکیڤ، لە بەیانی ڕۆژی رابردوو (یەکشەممە) شەڕ و پێکدادان گەیشتووەتە ناو شاری خارکیڤ و هێزەکانی سوپای ڕوسیا توانیانە لە چەند گەڕەکێکی شارەکە پێشڕەوی بکەن. لە ئێستادا شەڕ و پێکدادان لە شاری خارکیڤ بە قورسی لە نێوان هێزەکانی سوپای ڕووسیا و هێزەکانی سوپای ئۆکرانیادا بەردەوامە.

لە پارێزگای سامی شەڕ و پێکدادان لە باکوری دەوروبەری شاری سامی و لە میحوەری باشوری دەوروبەری شاری ئۆختیرکا بەردەوامە. هێزەکانی سوپای ئۆکرانیا لە شاری سامی بەرگریەکی توندیان کردووە. سوپای ڕوسیا لە سێ لایەوە گوشاری خستۆتە سەر سامی و بەپێی سەرچاوە ڕووسییەکان هێزەکانی ڕوسیا توانیویانە بە تەواوی گەمارۆی شارەکە بدەن.

لە میحوەری دۆنێتسک، هێزەکانی کۆماری دۆنێتسک (DPR) لە میحوەری ئولنواخا تا قووڵایی ٢٥ کیلۆمەتر پێشڕەوی کردووە. لە ماوەی دوو ڕۆژی رابردوو ناوچەکانی ئیستاروگناتوکا، ئیکتیابرسکایا، ترودوسکویه، واسلیوکا، ئاندریوکا، پروخوروکا، ریبینسک ، چیچرینو، پاولپۆڵ و پێشچویک و .. لەو میحوەرە خستۆتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.
لەئێستادا پێکدادانەکان لە دەوروبەری پاولپۆڵ بەردەوامە.
لە میحوەری لوهانسک، بە ووتەی سەرچاوەکانی سەر بە هێزەکانی کۆماری لوهانسک، ئەو هێزانە تا قووڵایی ٥٢ کیلۆمەتری پێشڕەویان کردووە و توانیانە ئیستانیستا لوهانسکایا، ساچاستیه و موراتو لە باکوری میحوەری لوهانسک کۆنترۆڵ بکەنەوە.

میحوەری باشوور:
لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی سوپای ڕووسیا لە نیمچەدوورگەی کریمیا بەرەو پارێزگای خێرسۆن و ناوچەکانی دیکەی باشوور دەستیان بە پێشڕەوی کردووە. لە ئەنجامی پێشڕەوییەکانی سوپای ڕووسیادا، شارۆچکەی هێنیچسک و گوندەکانی دیکەی باشووری پارێزگای خێرسۆن کەوتە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیاوە. هاوکات لەگەڵ پێشڕەویەکانی ڕوسیا لە قووڵایی باکوری پارێزگای خێرسۆن، لە رۆژھەڵات و ڕۆژئاوای ئەو پارێزگایە هێزە ڕووسییەکان هەروەها پێشڕەویان کردووە و توانیانە بچێنە ناو پارێزگاکانی زاپرۆزیا و میکولیێڤەوە.

لە پارێزگای خێرسۆن شارە گرنگەکانی کاخۆڤکا و نۆڤا کاخۆڤکا لە قەراغی ڕووباری دنیپەر لەلایەن هێزەکانی سوپای ڕووسیاوە کۆنترۆڵکرانەوە. سوپای ڕووسیا بەردەوام بووە لە پێشڕەوییەکانی لە قوڵایی ڕۆژئاوای پارێزگای خێرسۆن و بە تێپەڕبوون لە ڕووباری دنیپەر چووەتە ناو شاری خێرسۆنەوە. فڕۆکەخانەی خەرۆن و زۆربەی شارەکە لە ئێستادا لە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادایە. بەڵام هێشتا لە شاری خێرسۆن شەڕ و پێکدادانی ناوبەناو ڕوودەدات.

دوای خێرسۆن، هێزەکان چوونە ناو پارێزگای میکۆلایڤ و ئێستا شەڕ و پێکدادان گەیشتۆتە باشور و ڕۆژئاوای شاری میکۆلایڤ. شاری میکۆلایڤ لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوپای ئۆکرانیا دایە و هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ڕوسیا بۆ سەر شارەکە دەستیپێکردووە.

لە پارێزگای زاپوریژیا شاری میلیتۆپۆڵ بە تەواوی لەلایەن هێزەکانی سوپای ڕووسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە. دوای میلیتۆپۆل شارەکانی تۆکماک و بێردیانسک لەلایەن هێزەکانی سوپای ڕوسیاوە کرایە ئامانج هێرشە ئاسمانییەکانەوە. بەپێی دوایین زانیارییەکان، شاری تۆکماک لەلایەن هێزەکانی ڕوسیاوە کۆنترۆڵکراوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا شەڕ و پێکدادان لەو شارە بە شێوەی ناوبەناو بەردەوامە.
شاری گرنگی بێردیانسک دۆخێکی هاوشێوەی هەیە، تا نیوەڕۆی ڕۆژی رابردوو (یەکشەممە) شارەکە لە باکوور و ڕۆژئاواوە گەمارۆ درا بوو و هێزەکانی سوپای ڕووسیا چوونە ناو شارەکەوە. سەرچاوە ڕووسییەکان لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی شاری بێردیانسک هەواڵیان داوەتەوە.

لە هەواڵە گرنگەکانی دیکەی میحوەری باشوور، بەدیل گرتنی ژمارەیەک لە هێزەکانی ئۆکرانیا لە دوورگەی مار لە دەریای ڕەشە. لەسەر ئەم هەواڵە لایەنی ئۆکراینی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ١٣ کەس لەو دوورگەیە بچووکەدا بوون کە هەموویان لە لایەن ڕووسیاوە کوژراون. لایەنی ڕووسیش ئەو بانگەشەیەی ڕەتکردۆتەوە و رایگەیاندووە کە نزیکەی ٨٠ هێزی ئۆکرانیا پاش هۆشداری کەشتی جەنگی ڕوسیا خۆیان ڕادەستی ڕووسیا کردووە. ڕوسیا ڤیدیۆی دابەشکردنی خۆراک و ئاو لە نێوان دیلەکانی دوورگەکە بڵاو کردۆتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *